Accessibility links

چاوپێکەوتنی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران


ڕۆژی چوارشەممە دەنگی ئەمەریکا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنسدا ساز کرد سەبارەت بە ڕەوشی خۆپیشاندانەکانی ئێران.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

دەنگی ئەمەریکا: لە ئێران چی ڕوودەدات، دەزانم ئەمە پرسیارێکی قورسە، ئەمەریکا چی دەکات، هیچ دەکات؟ دەزانم کە لە لێدوان و تویتەکاندا دەردەکەوێت کە ئێوە پشتیوانی لێدەکەن، بەڵام چی دەکەن؟

مایک پێنس: باشە، لە پێش هەموو شتێکدا دەبێت بیرمان بێت کە ئێران سپۆنسەری سەرەکی تیرۆریستانە. ئەوان مافی خەڵکانی خۆیان نادەن، بەڵام تیرۆریستان بڵاو دەکەنەوە و بەردەوامن لە کارکردن بۆ ناجێگیریکردنی ناوچەکە. بۆیە کە دەبینین خەڵکی ئێران هەستاون و داوای گۆڕانکاری دەکەن لە وڵاتەکەیاندا و ئەوەش دەبێت هەموو ئەو ئەمەریکی و هاوڵاتیانەی جیهان کە ئازادیان خۆش دەوێت گوێ لەو داواکارییە بگرن. جیاوازی کاردانەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا بەرامبەر شۆڕشی سەوزی ساڵی 2009 و ..

دەنگی ئەمەریکا: چاوەڕێی کرد چاوەڕێی کرد ئینجا قسەی کرد.

مایک پێنس: بەڵام پەسەندکردن و پشتیوانیەکەی سەرۆک ترامپ بۆ خۆپیشاندەران دراماتیکی بووە و پێشم وایە ئەو کاردانەوەیە بەتەواوەتی یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ڕۆڵی ئەمەریکا لە جیهاندا وەکو پاڵەوانی پاراستنی ئازادی.

دەنگی ئەمەریکا: بەڵام سەبارەت بە پشتیوانییەکە، پشتیوانییەکە هەر بە وشەیە و دان پێدانانێکە، بەڵام سەرۆک ئۆباما تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دواکەوت لە ساڵی 2009دا...

مایک پێنس: تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دوانەکەوت. چونکە من لەوێ بووم. من ئەندامی کۆنگرێس بووم. بیرتە من لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران خزمەتم دەکرد. بیرمە لە ساڵی 2009 دا ئەم هەڵبژاردنە ساختەیەی ئێرانم دەبینی، خەڵک دەچوونە سەر شەقامەکان و ئازایەتییەکی بێوێنەیان پیشاندا و داوای داهاتوویەتی دیموکرات و سەربەخۆیان دەکرد. هەروەها لەو کاتەدا لە ساڵی 2009 ئەوان سەیری کۆشکی سپیان دەکرد، ئەوان سەیری سەرکردایەتی ئەمەریکایان دەکرد، بەڵام هیچ دیار نەبوو. بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما بەتەواوەتی بێدەنگ بوون. بڕیارێکم پێشکەشی ئەندامێکی کۆنگرێسی دیموکراتەکان کرد بە ناوی هاوارد بێرمان کە ئەو کاتە سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە بوو. ئێمە بڕیارەکەمان پێشنیار کرد، لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بە کۆی دەنگ تێپەڕ کرا. دواتر سیناتۆر مککەین و سیناتۆر لێبەرمان پێشنیاریان کرد بۆ ئەنجومەنی سینات و لەوێش بەکۆی دەنگ تێپەڕ کرا. ئینجا تەنها دوای ئەوە تەنها دوای ئەوە گوێمان لە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئۆباما بوو. جیاوازی نێوان بێدەنگیەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما و شکستهێنانی لە پشتیوانیکردن لە ئازادی لەگەڵ سووربوون و خواستی سەرۆک ترامپ بۆ وەستان لەگەڵ خەڵکی ئازای ئێراندا. من دەزانم کە ئەو پشتیوانییە هیوای بەخشیوە بەو خەڵکانەی کە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن لە ناو هەموو شارەکانی وڵاتەکەدا و ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان، نەک تەنها بە وشە بەڵکو کاتێک کە گۆڕانکاری دەهێنن بۆ وڵاتەکە، من دڵنیاتان دەکەمەوە لە سەدا سەد ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ئێرانیانەدا دەوەستێت کە داهاتوویەکی باشتر و ئازادیان دەوێت.

دەنگی ئەمەریکا: لە ساڵی 1956 دا هەمان شت ڕوویدا لە هەنگاریا، خەڵک هەستا و دواتر پشتیوانیەک هەبوو تەنها بە وشە و دواتر لەگەڵ کوردەکانیشدا هەمان بوو لە سەردەمی بوشدا, جوڵانەوەی سەوزمان هەبوو، کە ئەو کاتە کۆنگرێس وەکو تۆ دەڵێت وتی پشتیوانی تەواویان دەکات.. جیاواز لەوەی کە چەند خێرا ئۆباما وەڵامی دایەوە، بەڵام ئەو کاتانەی کە بە وشە پشتیوانیتان لێکردوون، دەرەنجامەکانی وەکو ئەوە نەبووە کە ویستراوە. ئەمە هەلێکە کە ئێستا ئەمەریکا بە وشە پشتیوانیان لێدەکات، ئایا هیچ شتێک هەیە ئەمەریکا بەنیاز بێت بیکات بۆ پشتیوانیکردن لێیان کاتێک کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان؟

مایک پێنس: ئەمە زۆر زۆرە کە ئەمەریکا و وڵاتانی جیهان بتوانن بیکەن بۆ خەڵکی ئێران ئەگەر بەردەوام بن لە داواکردنی ئازادی خۆیان و هەروەها بەردەوام بن لە داواکردنی گۆڕانکاری و ڕەت کردنەوەی ئەو بیرە توندڕەوانەی کە چەند ساڵێکی زۆرە دەستی گرتووە بەسەر وڵاتەکەدا و تیرۆریستان بەناو جیهاندا بڵاودەکەنەوە. سەیرکە، بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشوو نەک تەنها بێدەنگ بوو کاتێک کە خەڵکە باش و ئازاکانی ئێران خۆپیشاندانیان دەکرد بۆ دیموکراسی بەڵکو چوون ڕێکەوتنامەیەکی ناوەکیی خراپیان لەگەڵ ئێراندا واژۆ کرد کە سەرۆک ترامپ ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنەکەوە پەسەند بکات و ئێمە بەردەوام دەبین لە تەرخانکردنی ڕابەرایەتی. دەزانیت مەبەست لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ئەوە بووە کە ئێرانێکی مۆدێرن بێتە کایەوە بەڵام ئەوەمان نەبینیوە. بەڵام ئەوەی کە ببینین خەڵک جارێکی دیکە ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان لە ئێران و ئەوەشی کە ئێستا سەرۆکێکمان هەیە دەیەوێت بە خەڵکەکە بڵێت ئێمە لەگەڵتانین، ئێمە پشتیوانیتان لێدەکەین، ئێمە ئامادەین یارمەتیتان بدەین بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی ئازادتر و خۆشتر. پێم وایە ئەوە هەلێکی ڕاستەقینەیە. هیوای من ئەوەیە ئەو کەسانەی کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان لە ئێران بزانن کە لەژێر سایەی سەرۆک دانۆڵد ترامپدا ئەوان بە تەنیا نین، بزانن کە خەڵکی ئەمەریکا لەگەڵیاندان و ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە دەرخستنی ئەو ئازایەتییە و بگەنە داهاتوویەتی ئازاد و دیموکرات ئەوا ئەمەریکا و جیهان لەگەڵیاندا دەبن.

دەنگی ئەمەریکا: ئەوەی تا ئێستا سەرۆکی ئەمەریکا کردوویەتی لەڕێی تویتەرەوە بووە، حکومەتی ئێران تویتەر و تێلیگرام و فەیسبووک و ئینستاگرامی داخستووە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەموو کەس دەستیان پێی ناگات لە ئێران. ئەوە دەزانم کە ئەم چاوپێکەوتنە دەگاتە ئێران چونکە دەنگی ئەمەریکا دەگاتە ئەوێ و لەوانەیە سەرۆک دەنگی نەگاتە ئەوێ، شتێکی تر ئەوەیە کە پێم وایە خەڵکانێکی زۆری ئێرانی یاساکانی سەرۆکیان بەدڵ نیە سەبارەت بە کۆچ، بەوەی کە قەدەغەی کردووە خەڵکی ئێران بێنە ئێرە بۆ ئەمەریکا، بۆیە نازانم خەڵکی ئێران چۆن ئەم شتانە وەردەگرن، ئەگەر سەرۆک زیاتر نەکرێتەوە بەڕوویاندا.

مایک پێنس: چەوساندنەوە لەلایەن ڕژێمەکەوە لەلایەن ئایەتوڵاوە لە ئێران شتێکی سەیر نیە. ئەوان بەردەوامن لەوەی وڵاتێک بن مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە خەڵکی خۆیان بسێننەوە و ئەوەشی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هۆکارەکانی پەیوەندیی دادەخەن بەڕاستی شتێکی سەیر نیە.

دەنگی ئەمەریکا: تەنها لەڕێی تویتەرەوە بووە، ئایا هیچ ڕێگەیەکی تر هەیە سەرۆک هەیبێت، مەبەستم ئەوەیە تۆ ئێستا لێرە قسە دەکەین، ئایا هیچ ڕێگەیەکی دیکە هەیە سەرۆک بەنیاز بێت بەکاری بهێنێت. سیناتۆر لیندسی گراهام پێشنیاری ئەوەی کردووە کە قسە بۆ وڵاتەکە بکات، بۆ نمونە لەسەر ئەم بابەتە.

مایک پێنس: پێم وایە سەرۆک ئەم بەیانیە جارێکی دیکەقسەی کردەوە، ڕاستەوخۆ بۆ خەڵکی ئێران.

دەنگی ئەمەریکا: بەڵام ئەوان تۆڕی کۆمەڵایەتیان نیە، ئەوە کێشەکەیە.

مایک پێنس: دەتوانم دڵنیات بکەمەوە کە ئەگەر سەرۆک بێت یان من بم یان وەزیری دەرەوەمان بێت یان نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، ئێمە هەوڵدەدەین شتێک بنێرین کە جیاوازە لەوەی نۆ ساڵ لەمەوبەر، ئێمە بەردەوام دەبین لە ناردنی پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ سەر شەقامەکانی ئێران کە خەڵکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ئێرانیانەدایە کە ئازادیان خۆش دەوێت و ئەمە ئامانجی منە و ساتێکە کە هیوای تێدایە. بەڕاستی خواستی من ئەوەیە خەڵکی ئێران خەڵکە گەنجەکە، خەڵکە خوێندەوارەکە، تێبگەن کە ئەمەریکا و خەڵکی ئەم وڵاتە هاوپەیمانی سروشتی ئەوانن. ئێمە دەمانەوێت ئەوان ببینین داهاتوویەکی ئازاد و دیموکرات بەدەست بهێنن. دەمانەوێت دووربکەونەوە لەو ڕژێمەی کە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە جیهان و پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی.

دەنگی ئەمەرکا: خەڵک چی چاوەڕوان بکات ئەگەر سەرۆک پابەند نەبێت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە؟ ئێستا، خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدان، ئەو پارەیەی کە سڕ نەدەکرا دەچوو بۆ ئەوان و باری داراییان باش دەبوو، بەڵام ئەوە ڕووینەدا، کە ئەوە هۆکارێک بوو لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم خۆپیشاندانە. چی ڕوودەدات ئەگەر ڕێکەوتنەکە پەسەند نەکرێتەوە؟ چی ڕوودەدات بەسەر خەڵکی ئێراندا؟

مایک پێنس: سەرۆک ڕوونی کردەوە کە ئێمە پەسەندی ناکەین.

دەنگی ئەمەریکا: کەواتە خەڵکی ئێران چیان لێ بەسەردێت؟

مایک پێنس: بەڵام بڕیاری تر هەن کە دەدرێن، سزاکان بسەپێنینەوە یاخوود نا ئەوە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەرۆک ئە بڕیارە دەدات کە پێویستە بدرێت.

دەنگی ئەمەریکا:پێت وایە سوودی دەبێت؟ سزاکان؟ چونکە هەندێک کات سوودیان دەبێت. من دژی سزاکان نیم. سزام دەوێت لە میانمار، دەزانی؟ بۆیە مەبەستم ئەوەیە من دژی سزاکان نیم، بەڵام ئایا سزاکان زیان بەو ئێرانیانە ناگەیەنن کە ئێستا لەسەر شەقامەکانی ئێران خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن؟

مایک پێنس: ئێمە پێمان وایە سزاکان سوودیان دەبێت. سزاکان نەک تەنها لە ئێران بەڵکو پێمان وایە لە کۆریای باکووریش سوودیان هەیە و ئەم سەرۆکە و ئەم بەڕێوبەرایەتییە بەتەواوەتی پابەندن بەوەی بەردەوام بن لە بەهێزکردنی ئابووری ئەمەریکا و ئەم سزا ئابووریانە دەخەینە سەر ئێران. ئێستا ئێمە لەگەڵ کۆنگرێسیشدا کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نوێ. کۆمەڵێک سزای نوێ. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران زۆر خراپە، ڕێکەوتنەکە پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی لەلایەن ئێرانەوە ڕەت نەکردۆتەوە، ڕێکەوتنەکە بۆ دە ساڵە کە ئەوەش وا دەکات ئەوان بتوانن لەو ماوەیەدا چەکی ناوەکی پەرەپێبدەن. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە بڵێین هەر کاتێک ئێران هەوڵبدات چەکی ناوەکیی و موشەکی باڵیستیکی بەدەست بهێنێت ئەوا سزاکان یەکسەر دەسەپێنرێنەوە بەسەریدا. بەڵام هەموو ئەو بڕیارانە هەن، بەڵام پێم وایە وەکو دەبینیت چی ڕوودەدات لە شەقامەکانی ئێران، دەبێت بڕوات بەوە هەبێت کە سزاکان ئەمڕۆ سوودیان هەبووە و فشارێکی دیکە کە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە کاریگەرییمان لەسەر خەڵکەکە هەبێت، کاریگەریمان لەسەر ئابووری هەبێت، کاریگەریمان لەسەر خەڵکی ئێران هەبێت تاوەکوو بتوانن ئازایانە هەستن.

دەنگی ئەمەریکا: باسی کۆریای باکوورت کرد لە کۆتا پرسیارمدا کە لەسەر سەرۆکە، سەرۆک لە تویتێکدا دەڵێت دوگمەیەکی ناوەکی گەورەتری هەیە لەوەی کیم جۆنگ ئون. ئایا سەرۆک یاری بە ئاگر دەکات لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا کە بەم شێوەیە دەنوسێت؟

مایک پێنس: سەرۆک ترامپ جۆرە سەرکردایەتییەکی لەسەر شانۆی جیهان دەرخستووە کە پێشکەوتنێکی بەرچاوی دەستەبەر کردووە بەتایبەتی سەبارەت بە کۆریای باکوور. وە ئەو پەیامەی سەرۆکیش دەینێرێت دوای پەیامەکەی سەری ساڵی کیم جۆنگ ئون، لەلایەکەوە باسی لەوە دەکرد دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باشووردا بکات و لەهەمان کاتیشدا باسی لە موشەکێک دەکرد کە دەتوانێت بگاتە ئەمەریکا و دوگمەیەکی لەسەر مێزەکەی هەیە. سەرۆک ترامپ ڕوونی کردۆتەوە کە گاڵتە بە ئەمەریکا ناکرێت، مەبەستم لە ڕوونی ئەوەیە کە سەرۆک ترامپ توانیویەتی فشارێکی ئێجگار زۆری سیاسیی و ئابووری بخاتە سەر کۆریای باکوور. وە دوای ئەوەی کۆریای باکوور چەند ساڵێکی زۆرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ دەخات و بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی چەکی ناوەکی و موشەکی باڵیستیکی، ئێمە ئێستا هەندێک لە جووڵە دەبینین لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا، چین...

دەنگی ئەمەریکا: تۆ نیگەران نیت؟

مایک پێنس: چین ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هەوڵدەدات، چین دەبێت زیاتر بکات، بەڵام ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەوڵدەدات بۆ گۆشەگیرکردنی کۆریای باکوور لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە و من بەڕاستی باوەڕم وایە ئەوە ڕوون بکەیتەوە کە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، ئەوەی کە سەرۆک کردوویەتی، ڕوونی بکەیتەوە کە ئەمەریکا توانای هەیە بەرگری لە خەڵکی خۆمان بکەین زۆر زیاتر لەوەی کە کۆریای باکوور بیری لێکردۆتەوە، بەڵام ئەوەش کە ڕوونی بکەینەوە ئەگەر کۆریای باکوور واز لە بەرنامە ناوەکیی و موشەکیە باڵیستییەکانی بهێنێت و ئەو بەرنامانە ڕابگرێت ئەوا هەلێک دەبێت بۆ چارەسەرێکی ئاشتیانە.

XS
SM
MD
LG