Accessibility links

کۆچبەرێکی سەر سنووری بێلاڕووس و پـۆڵەندا باس لە بارودۆخەکە دەکات


هەتا دێت دۆخی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا خراپتر دەبێت. کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی سلێمانیش چیرۆکی خۆیان لە جەنگەڵەکانی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە و باس لە دۆخەکە دەکات.

" بارودۆخی کۆچبەران ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت"

ڕێباز نەجم یەکێک لە کۆچبەرە کوردەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بارودۆخی کۆچبەران ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، کەشوهەوا زۆر ساردە، یەکەم ڕۆژ کە گەیشتینە ئێرە هەندێک خواردنیان هێنا بەڵام بەشی هەموومانی نەکرد، تا ئێستاش بەردەوام خەڵک دێت ڕۆژانە بۆ ناو ئەم جەنگەڵە، ئەوەی لێرەیە زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر دەبێت."

ڕێباز نەجم
ڕێباز نەجم

" ژیانی ڕۆژانەی کۆچبەرەکان"

دەربارەی ژیانی ڕۆژانەی کۆچبەرەکان لە جەنگەڵەکەدا، ڕێباز نەجم وتی" ڕۆژانە لەم جەنگەڵەدا کۆدەبینەوە و بووینەتە هاوڕێ و دۆستی یەکتر ئەگەر خواردن هەبێت بەیەکەوە دەیخۆین ئەگەر نا پێکەوە کۆمەڵ کۆمەڵ ئاگر دەکەینەوە و لە دەوری دادەنیشین هەریەکەمان باسی ژیانی کوردستان و یادگاری و نەهامەتییەکانی ڕێگا دەکەین."

ڕێباز نەجم ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی کۆچکردنیان کرد و وتی" بێکاری و نەبوونی هیوا و بێ ئایندەیی لە وڵاتدا وایکردووە ئەم ڕێگا نەهامەتیە بگرینەبەر، ئەوەی لێرەدایە هەمووی بە دوای ژیانێکی باشتردا گەڕاوە بۆیە ئەم ڕێگایەی هەڵبژاردووە. "

" ئەگەر لێرەدا بمرین ناگەڕێینەوە، ژیانی ناو جەنگەڵمان زۆر لە ژیانی نادادپەروەرانەی وڵاتەکەی خۆمان پێ باشترە. "

هەرچەندە هەریەکە لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ ئەنجامدانی هەر ئاسانکارییەک بۆ هەر کۆچبەرێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو کۆچبەرە کوردە دەڵێت" ئەمە نەک قسەی خۆم بەڵکو لە زۆر خەڵکی ترم پرسیوە ئەگەر لێرەدا بمرین ناگەڕێینەوە، ژیانی ناو جەنگەڵمان زۆر لە ژیانی نادادپەروەرانەی وڵاتەکەی خۆمان پێ باشترە."

"دۆخی خەڵکی کوردستان ئەگەر جۆرێک لە باشی پێوە دیاربووایە، گەنجەکانی ئێمە، ڕێگای مەرگ و قاچاخیان نەدەگرتەبەر "

ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە فراکسیۆنی گۆڕان جەخت لە قسەکانی پەنابەرە کوردەکان دەکاتەوە کە بێکاری هۆکاری کۆچی بە کۆمەڵی گەنجانە. لەو ڕووەوە شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دۆخی خەڵکی کوردستان ئەگەر جۆرێک لە باشی پێوە دیاربووایە یان ئەگەر گەنجەکانی ئێمە، یان ئەوانەی کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن دەرفەتی هەلی کارییان بۆ بڕەخسایە لە ڕاستیدا ڕێگای مەرگ و قاچاخیان نەدەگرتەبەر بە قاچاخ بچنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و سەفەری ئەوروپا بکەن."

هەرچەندە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیەیدا ڕایگەیاند"

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کۆچبەرە کوردەکان شاندێکی پەرلەمان سەردانی بێلاڕووس دەکات بەڵام ڕێباز نەجم کۆچبەرە کوردەکە دەڵێت" ئێمە وەک کۆچبەرە کوردەکان ئەو هەواڵەمان بیست بەڵام لە ناو خۆماندا بڕیارمانداوە ڕێگە نەدەین بێنە ناومانەوە."

"سادەترین کەیس بۆ ئێمەی پەنابەر ئەوەیە کە هیچ کار و ئومێدێک لەو وڵاتەدا نییە"

پێشتر زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو " کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵۆنیا، ئێمە لە دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت " من ڕۆژنامەنووسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بە زۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستروای تریان دروستکردووە کە عەقڵ قبوڵی ناکات."

زیاد ڕەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پـۆڵەندا
زیاد ڕەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پـۆڵەندا

زیاد ڕەئوف ئەوەشی وت” هەرچەندە لایەنی حکومەتی پۆڵۆنی بە فەرمی لەسەر ئەو کەیس و هۆکارانە لە ئێمەیان نەپرسیووە بەڵام میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان لەسەری دەنووسن هۆکاری کۆچکردنی ئەو خەڵکە وە لەو بارەیەوە پرسیارمان لێدەکەن ، کە زۆریان باسییان لەوە کردووە ئازادی لە هەرێمی کوردستان نییە و ژیانیان لە مەترسی بووە لەوێ بۆیە ناچاربوون کوردستان بەجێبهێڵن."

بەڵام ڕێباز نەجم کۆچبەرە کوردەکەی سەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا دەڵێت"سادەترین کەیس بۆ ئێمەی پەنابەر ئەوەیە کە هیچ کار و ئومێدێک لەو وڵاتەدا نییە. کە من بڕوانامەیەکم هەیە ناتوانم لەو وڵاتەدا کاربکەم لەو بوارەدا. "

ڕێباز نەجم تەمەنی 26 ساڵە، دەرچووی بەشی ژمێریارییە لە زانکۆی گەشەپێدان، پێش هاتنم بۆ بێلاڕووس وەستای شۆفاژ بووم لە کۆمپانیای کی تەکنەلۆژیە.

پەرلەمانتارێک: " جێی خۆیەتی حکومەتی هەرێم هەلی کار و ئازادی بۆ خەڵک و ڕۆژنامەوانان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا فەراهەم بکات"

شاخەوان ڕەئوف بەگ
شاخەوان ڕەئوف بەگ

شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستانیش دەڵێت" جێی خۆیەتی حکومەتی هەرێم هەلی کار و ئازادی بۆ خەڵک و ڕۆژنامەوانان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا فەراهەم بکات چونکە ئەوانەی ئەو ڕێگە نەهامەتییەیان گرتۆتەبەر کەسوکاری ئێمەن."

" مامەڵەی پۆلیسی بێلاڕووس زۆر خراپە"

سەبارەت بە مامەڵەی پۆلیس و پاسەوانانی سنووری بێلاڕووس ئەو کۆچبەرە کوردە وتی" مامەڵەی پۆلیسی بێلاڕووس زۆر خراپە، توندوتیژن لەگەڵ کۆچبەرەکان، لێمان دەدەن مۆبایلەکان هەرچییان بەدڵ بێت دەیبەن، سووکایەتیمان پێدەکەن، پارەکانیان لێسەندوین. "

جێی باسە لە ئێستادا بوونی هەزاران کۆچبەر لە سەر سنوورەکانی نێوان بێلاڕووس و پـۆڵەندا، کێشەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دروستکردووە. یەکێتی ئەوروپاش لە چەند بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بە دۆخی خراپی مرۆیی ئەو کۆچبەرانە کردووە وە لەگەڵیدا هۆشداریـیان بە بێلاڕووس داوە کە کۆچبەران وەک چەکێکی سیاسی لە دژی پـۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا بەکارنەهێنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:55 0:00


XS
SM
MD
LG