Accessibility links

21 کۆچبەری دیکە لە ئاوی نێوان تورکیا و یۆنان دەخنکێن


کاربەدەسـتان و ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان دەڵێن لە دوو ڕووداوی جیادا دوو بەلەمی پـڕ لە کۆچبەر لە دەریای ئیجە نوقمی ئاوبوون و بە لایەنی کەم 21 کۆچبەر خنکاون کە سیانیان منداڵبوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 9 تەرم لە کەنارەکانی شارۆچکەی ئایڤالیکی ڕۆژئاوای تورکیا بینران، ئەمەش وەهای لە پـۆلیسی کەنارەکانی تورکیا کرد بە ئاوی ناوچەکەدا بگەڕێن و هەتا بەیانی کۆی ژمارەی تەرمەکانی دۆزرانەوە گەیشتە 14. هەروەها 7 کۆچبەریش بە زیندوویی دۆزرانەوە.

پاش چەند کاژمێرێک، لە ڕووداوێـکی دیکەی هاوشێوە تەرمی 7 کۆچبەری دیکە لە کەنارەکانی شارۆچکەی دیکیلی دۆزرانەوە کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە ئایڤالیکیـیەوە دورە. دەڵێن ژن و منداڵ لە نێو خنکاوەکاندان.

نامیق کەمال نازڵی کاربەدەسـت لە شارۆچکەی ئایڤالیک گوتی پـێـیان‌وایە قوربانیـیەکانی ڕووداوەکەی یەکەم خەڵکی عێراق و سوریا و جەزائیر بن. بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریـیەک سەبارەت بە ڕووداوەکەی دووەم نیـیە. کاربەدەسـتان دەڵێن تەرمەکان هەموویان چاکەتی دژی نوقوبوونیشـیان لەبەردابووە، بەڵام شەپـۆلەکانی ئاوەکە خنکاندونی.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی سـاڵی ڕابردوو نزیکەی 850 هەزار کۆچبەر و پەنابەر لە تورکیاوە بەرەو یۆنان پەڕیونەتەوە و زۆر جار قاچاخچیـیەکان بە بەلەمی کۆن و شکاو گەیاندویانن، ئەمەش بووەتە هۆی نوقمبوونی ژمارەیەکیان و سەرئەنجام بە سەدان کەسیان خنکاون.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران مەزەندە دەکات لە ماوەی ساڵی ڕابردوو 3770 کەس لە دەریای ناوەڕاستدا خنکابن.

XS
SM
MD
LG