ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بە لایەنی کەم 80 کۆچبەر نایاسایی بێ سەروشوێن بوون لە پاش نوقمبوونی بەلەمەکەیان لە نزیک کەنارەکانی لیبیا، ئەمەش بەپـێی گەواهی یەکێـک لە ڕزگاربووەکان.
ڕۆژی هەینی 132 کەس بە بەلەمەکە لە لیبیاوە دەرچوون کە لە جۆری چوپ بووە و پاش چەند کاژمێرێک بەلەمەکە نوقمبووە، بەڵام کەشتیـیەکی بازرگانی توانیویەتی 50 کەسیان ڕزگاربکات و ڕۆژی یەکشەممە لە سقڵیە دایگرتوون.
ساڵانە بە هەزاران کەس لە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا لە نێو ئاوی دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەسـت دەدەن. بەپـێی ئاژانسی پەنابەران لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3800 کەس لەو ئاوە گیانیان لەدەسـتداوە. ئاژانسەکە دەشڵێت لە هەموو 100 کەس لەوانەی هەوڵیان دابوو لە لیبیاوە بەرەو ئیتالیا بە قاچاغی بڕۆن 2 کەسیان لە دەریای ناوەڕاست خنکاون.