Accessibility links

کۆچبەران جارێکی دیکە هەوڵی بەزاندنی سنووری پۆڵەندا دەدەن


کۆچبەران کە لە کەش و هەوایەکی زۆر سارددا لەناو بێلاڕوس گیرییان خواردووە، دووبارە هەوڵیاندایەوە بە زۆر بپەڕنەوە بۆ پۆڵەندا، لەکاتێکدا هێزی پشتیوانی پۆڵەندا بەپەلە ڕەوانەی سنوورەکە کراون تاوەکو ڕێگە لە کۆچبەران بگرن نەیەنە ئەمدیوەوە.

سەدان کۆچبەر خێمەیان بەدرێژایی سنوورەکەدا هەڵداوە، پەرژینە تەلەکە و سەربازانی پۆڵەندا چەند جارێک ڕێگەیان لێگرتوون و ڕێگەیان نەداوە بێنە یەکێتی ئەوروپاوە.

یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ ئالیکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕوس تۆمەتبار دەکەن بەوەی کۆچبەران وەکو چەکێک بەکاردەهێنێت بۆ فشار کردنە سەر ڕۆژئاوا، ئەوەش لەڕێی ڕەوانەکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ مینسکی پایتەخت و دواتریش بۆ سنوورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیکدا.

پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا بێلاڕوسیان تۆمەتبار کردووە بەوەی هانی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و ئەفریقا دەدات بەشێوەیەکی نایاسایی لە بێلاڕوسەوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا.

وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلاشتاک وتی " بێگومان شەوێکی ئارام نەبوو، هەوڵێکی زۆر هەبوون بۆ بەزاندنی سنووری پۆڵەندا."

ڕادیۆی تایبەتی پۆڵەندا ئاڕ ئێم ئێف وتی دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە نزیکەی 200 کەس هەوڵیانداوە سنوورەکە ببەزێنن، گروپێکی دیکەی 60 کەسی دوای نیوەشەو هەوڵیانداوە سنوورەکە ببەزێنن.

بلاشتاک وتی سەرجەم ئەوانەی هەوڵیانداوە سنوورەکە ببەزێنن دەستبەسەرکراون، هەروەها ئەو هێزانەی پۆڵەندا کە لەسەر سنوورەکە جێگیرکراون لە 12,000 سەربازەوە زیادکراون بۆ 15,000 سەرباز.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG