Accessibility links

تەرمی چوار کۆچبەری کورد لە یۆنانەوە دەگاتەوە هەرێمی کوردستان


تەرمی 9 لە قوربانیانی دەریای ئیجە لە وڵاتی یۆنانەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ڕادەستی كەسوكاریان دەكرێن. بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی چوار لەو كۆچبەرانە بگاتەوە هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژی 1ی مانگی 2یش تەرمی پێنج كۆچبەرەکەی تر بگاتەوە هەرێمی كوردستان.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران زانیارییەکانی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و گوتی" ئەمڕۆ کاتژمێر پێنجی ئێوارە تەرمی چوار کەس دەگاتە هەرێمی کورستان و ڕۆژی سێشەممە کە دەکاتە 1ی مانگی 2 تەرمی پێنج كۆچبەری تر دەگاتەوە هەرێمی كوردستان."

بەپێی زانیاریەكان ئەم 9کۆچبەرەی كە گیانیان لە دەستداوە سەرجەمیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، هەشت لەو کۆچبەرانە لە ڕەگەزی مێن و یەک کۆچبەریش لە ڕەگەزی نێرە. ئەو كۆچبەرانە لە دەرئەنجامی ژێر ئاوکەوتنی یەختێک لە ڕێکەوتی 23/12/2021 لە دەریای ئیجەی نزیک دوورگەی ئاتیکیسیرای یۆنان گیانیان لەدەستداوە و 57 کۆچبەری تریش ڕزگار بووی ئەو ڕووداوە بوون.

هێشتا چارەنووسی ژمارەیەک کۆچبەری کورد بە نادیاری ماوەتەوە و کەسوکارییشیان داوای بەهاناوەچوون و هاوکاری لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن تا کۆچبەرە بیسەروشوێن بووەکان بدۆزرێنەوە و بگەرێندرێنەوە هەرێمی كوردستان ڕادەستی کەسوکاریان بکرێن.

لای خۆیەوە هەڵگورد ساڵەیی ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " جەختمان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی یۆنان بکات بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە بکات کە بەداخەوە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەمی یەک لە دوای یەک لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو لە دەریای ئیجە، ژمارەیەک کۆچبەر گیانیانلەدەستدا، بەشێک لەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە کە ژمارەیان نۆ تەرمە توانراوە بناسێنرێنەوە".

بەپێی زانیاریەکان تێچووی گەڕانەوەی تەرمی ئەو كۆچبەرانە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە.

XS
SM
MD
LG