Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هەرگێز هێندەی ئەمساڵ کۆچبەر و پەنابەر لە نێو دەریای ناوەڕاستدا نەخنکاوە


ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کۆچبەر و پەناخوازانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێسـتا لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون گەیشتووەتە 3800 کەس.

ولیەم سـپـیندلەر گوتەبێژی ئاژانسەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئیمەیڵێـکدا بۆ ئاژانسی فڕانس پـرێس ئەمەی ئاشکراکرد و گوتویەتی پـێشتر هیچ ساڵێـک ئەم ژمارە زۆرە تۆمار نەکراوە.

ساڵی ڕابردوو 3771 حاڵەتی خنکاندن تۆمارکرابوو، هەرچەندە بەراورد بە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە خەڵکی لەو ڕێگەیەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپایان دابوو.

ساڵی 2015 زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتنە ئەوروپا، بەڵام لە ئەمساڵدا هەتا ئێسـتا کەمتر لە 330 هەزار کەس گەیشتوون. هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەکەی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنەی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو مۆرکرا بۆ ڕێگەگرتن لەو کۆچبەر و پەناخوازانەی هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دورگەکانی یۆنانەوە بە ئەوروپا بگەن.

بەپـێی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کوشندەترین ڕێگە ئەوەی نێوان لیبیا و ئیتالیایە کە لە ئەمساڵدا لە هەموو 47 کەسێـک لەوانەی لەو ڕێگەیەوە هەوڵیان دابوو یەکێکیان خنکاوە، بەڵام لە ڕێگەکەی نێوان تورکیا و یۆنان کە زۆر کورترێـکە لە هەموو 88 کەسێـک یەکێـکیان خنکاوە.

XS
SM
MD
LG