Accessibility links

دوای نقومبوونی بەلەمێک لە کەناڵی ئینگلیزدا لانیکەم 12 کۆچبەر گیان لە دەست دەدەن


وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیڕاڵد دارمانین وتی ڕۆژی سێشەممە بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکەوە لە ڕێگەیدا بەرەو بەڕیتانیا لە کەناڵی ئینگلیزدا لانیکەم 12 کۆچبەر گیانییان لە دەستداوە، وتیشی ئەرکەکانی فریاگوزاری بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو کەسەی کە هێشتا بێسەروشوێنن.

دارمانین وتی دەچێت بۆ شوێنەکە کە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی بۆلۆن سورمیرەوە.

مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی نایاساییدا ئەرکی سەرەکی حکومەتەکانی فەڕەنسا و بەڕیتانیا بووە. لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 2000 کەس لە ڕێی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەڕیتانیا، ئەمەش بەپێی داتاکانی حکومەتی بەڕیتانیا.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر بەڵێنیاندا پێکەوە لە نزیکترەوە کاربکەن بۆ نەهێشتنی ڕێڕەوەکانی قاچاخچێتی کردن.

کەناڵی ئینگلیز یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکان و شەپۆلەکانی بەهێزن، وادەکات پەڕینەوە پێیدا بە بەلەمی بچووک مەترسیدار بێت. لە مانگی هەشتدا دوو کەس بە مردوویی دۆزرانەوە دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران کە بە کەناڵەکەدا تێدەپەڕی کێشەی تێکەوت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG