پۆلیسی شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا ڕایگەیاند لە ڕووداوێکی تەقەکردندا دوو کەس کوژران و لانی کەم 20 کەسی دیکە برینداربوون، ئەوەش دوای ئەوەی سێ کەس لەبەردەم هۆڵێکدا کە ئاهەنگێکی مۆسیقای تێدابووە " بە هەڕەمەکی تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە ".
پۆلیسی میامی داید لە بەیاننامەیەکدا وتی هۆڵەکە " ئێل مولا بانکت هۆڵ " میوانداری " ئاهەنگێکی کردووە و ژمارەیەک لە ناوداران لە دەرەوەی هۆڵەکە وەستابوون."
وتیشی " ئوتومبێلێکی جۆری نیسان پاثفایندەر نزیک بۆتەوە و سێ کەس لە ئوتومبێلەکە دابەزیون و هەڕەمەکیانە تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە." دواتر سێ کەسەکە چوونەتەوە ناو ئوتومبێلەکە و هەڵهاتوون.
بەپێی بەیاننامەکەی پۆلیس کاتێک تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوون دوو کوژراو هەبوون، لانی کەم 20 کەسیش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سەرۆکی پۆلیسی میامی ئالفرێدۆ ڕامیرێز لە تویتێکدا سەرکۆنەی ڕووداوەکەی کرد و بە " کارێکی توندڕەو و ترسنۆکانە " ناودێریکرد.
لە ئێستادا پۆلیس بە یارمەتی دانیشتوانی ناوچەکە لە هەوڵی ئەوەدایە ناسنامەی تەقەکەرەکان بزانێت و دەستگیرییان بکات.
فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدا ڕۆن دوسانتیس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی " ویلایەتەکە لەگەڵ کاربەدەستانی ناوخۆدا کاردەکات بۆ ڕەوانەکردنی ئەنجامدەرانی ئەو کارە بۆ بەردەم دادگا."
سەرچاوە/ فرانس پرێس