Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ داوا لە ڕووسیا دەکەن بەرپـرسیارێتی هەڵبگرێت لە کەوتنی فڕۆکەکەی سەر ئۆکرانیا


یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی ناتۆ ئەمڕۆ هەینی داوایان لە ڕووسیا کرد بەرپـرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت لە خستنی فڕۆکە مالیزیـیەکە، ئەوەی لە ساڵی 2014 لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە موشەکێـک لێی‌درا وە ئێستا لێکۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی یەکەیەکی لەشکری ڕووسیا لە فڕۆکەکەی داوە.

فێدریکا مۆغێرنی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی یەکێتی ئەوروپا داوا لە ڕووسیا دەکات بەرپـرسیارێتی خۆی لە کەوتنی فڕۆکەکە قبوڵبکات و هاوکاری تەواوبکات لە هەموو هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی بەرپـرسیارێتیـیەکانی.

هەروەها ینس ستوڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ ئەویش لە ڕاگەیاندنێکدا هەمان داوای لە ڕووسیا کرد و گوتی داوا لە ڕووسیا دەکەم بەرپـرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت.

بەڵام سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتە ڕوو بیسەلمێنێت لەشکری وڵاتەکەی لە پشت کەوتنی فڕۆکەکەیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 17 ی مانگی حەوتی ساڵی 2014 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مالیزیا لە جۆری بۆینگی 777 کە لە فڕۆکەخانەی ئەمستردامی هۆڵەنداوە هەستابوو بەرەو کۆلالامپوری پایتەختی مالیزیا بە 283 سەرنشینەوە و 15 کەس لە تاقمی فڕۆکەکە، بەڵام لە ئاسمانی ئۆکرانیا لە نزیک شاری شاختارسک بە موشەکێک دەکەوێتە خوارێ و هەموو سەرنشینەکانی و تاقمی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا. هاوڵاتیانی 17 وڵاتی تێدابوو و بەشی زۆریان هۆڵەندی بوون.

ئێستا لێکۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بە موشەکی جۆری بوک Buk missile system لێی دراوە لە لایەن یەکەی 53 ی بەرگری ئاسمانی لەشکری ڕووسیا.

XS
SM
MD
LG