Accessibility links

مەکسیک 126 کۆچبەری ڤەنزوێلا ڕەوانە دەکاتەوە


ناوەندی نیشتیمانی کۆچی مەکسیک دەڵێت وڵاتەکە 126 کۆچبەری ڤەنزوێلایی ڕەوانە کردۆتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە کۆچبەرەکان مۆڵەتی گونجاوییان پێنەبووە بێنە ناو وڵاتەکەوە.

ناوەندەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی کۆچبەرەکان 117 کەسیان پیاو بوون و 9 کەسی دیکەیان ئافرەت بوون، وتیشی نەیانتوانیوە بەڵگەی تەواو بخەنەڕوو لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە مەکسیکەوە.

وتیشی کۆچبەرەکان لە ناوەندێکی کۆچ لە شاری تاپاچولای نزیک سنووری گواتیمالاوە گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەیەک کە لەوێوە ڕەوانە دەکرێنەوە.

ناوەندەکە تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا 343 کۆچبەری ڤەنزوێلایی ڕەوانە کردۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 6 ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزوێلایی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەهۆی خراپی باری ئابووری و ناپارێزراوییانەوە لە وڵاتەکەیان هەڵاتوون. زۆرێکیان گەیشتوونەتە وڵاتانی باشووری کیشوەری ئەمەریکا، بەڵام هەندێکیان بەرەو باکوور ڕۆیشتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG