بەرپرسانی ئەمەریکا و مەکسیک دەڵێن کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی چوار هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە باکووری مەکسیک تەقەیان لێکرا و دواتر بە ماوەیەکی کورت دوای پەڕینەوەیان بۆ ناو مەکسیک ڕفێندراون.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مەکسیک لە بەیاننامەیەکدا وتی چوار هاووڵاتییە ئەمەریکاییە نەناسراوەکە لە ئوتومبێلێکی مینیڤانی سپیدا بوون و تابلۆی ئوتومبێلەکەیان نۆرث کارۆلاینا بووە کاتێک ڕۆژی هەینی چوونەتە ناو ماتامۆرۆسەوە لە تاماولیپاسی مەکسیک. هەروەها داوای یارمەتی هاووڵاتیانی کرد بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە گوایە ئەمەریکییەکانیان ڕفاندووە.
باڵیۆزخانەکە وتی بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ئەمەریکاییەکان پەڕیونەتەوە بۆ مەکسیک، گوایە چەکدارەکان تەقەیان لە سەرنشینەکانی کردووە و دواتر خستوویاننەتە ناو ئوتومبێلێکی دیکەوە و هەڵاتوون.
بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزی وت سێ پیاو و ژنێک ڕفێندراون.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە مەکسیک کێن سالازار وتی هاووڵاتییەکی بێتاوانی مەکسیکی لە ڕووداوەکەدا گیانی لە دەستداوە.
سەرۆکی مەکسیک وتی هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکان بە مەبەستی کڕینی دەرمان پەڕیونەتەوە بۆ مەکسیک.
سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئاساییدا وتی " باوەڕم وایە چارەسەر دەبێت، هیوادارم چارەسەر بێت." وتیشی وەزارەتی ئاسایشی گشتی مەکسیک لەگەڵ دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکادا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی هاووڵاتییە ئەمەریکاییە ونبووەکان.
دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا بڕی 50,000 دۆلاری وەکو خەڵات داناوە بۆ گەڕانەوەی چوار هاووڵاتییەکە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە ڕفاندنییاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز