Accessibility links

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن پـۆلیس لە مێرسین داعشێـکی خۆکوژی کوشتووە


کاربەدەستان لە تورکیا دەڵێن پـۆلیس لە ناوچەیەکی باشوری وڵاتەکە کەسێکی کوشتووە کە گومان‌دەکرێت خۆکوژی داعش بووبێت و هەوڵی دابێت خۆی لە بنکەیەکی پـۆلیسدا بتەقێنێتەوە.

ئۆفیسی فەرمانداری شاری مێرسین ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی پـیاوەکە بە شێوەیەکی گوماناوی ڕەفتاری کردووە لە نزیک بنکەیەکی پـۆلیس لە ناوچەی یەنیشەهیر و پاشان هەوڵی داوە بچێتە ناو بنکەکە، هەرچەندە پـۆلیسەکان داوایان لێکردبوو بوەستێت بەڵام ئەو هەر بە ئاڕاستەی بنکەکە ڕۆیشتووە، بۆیە تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە. بەیانـنامەکە دەشڵێت وەها پـێدەچوو هەوڵی ئەوە بدات دەستی بۆ وایەرێـک بگەیەنێت کە بە قۆڵیـیەوە بووە.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس مستەفا ئەرجان سەرۆکی داواکاری گشتی مێرسین گوتویەتی گومانبارەکە هێلەکێـکی بۆمبڕێژکراوی لەبەردابووە و پـۆلیس دواتر پـوچەڵیان کردووەتەوە. گوتوشیەتی گومان دەکرێت داعش بووبێت، بەڵام هیچ زانیاری زیاتری نەدا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی DHA ی تورکیا بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ سەرچاوەی هەواڵەکەی بکات گوتی گومانبارەکە پەنابەرێـکی سوری تەمەن 22 ساڵە.

XS
SM
MD
LG