Accessibility links

لیژنەی دادی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا گارلاند وەکو وەزیری دادی وڵاتەکە پەسەند دەکات


مێریک گارلاند

کاندیدەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دادوەر مێریک گارلاند زۆرینەی دەنگەکانی لیژنەی دادی ئەنجومەنی سیناتی بەدەستهێنا و وەکو وەزیری دادی وڵاتەکە پەسەند کرا.

گارلاندی تەمەن 68 ساڵ لە ئێستادا سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە دەکات لە واشنتن و ڕۆژی دووشەممە لەمیانەی دەنگدانێکدا لە ئەنجومەنی سینات دەنگی 15 سیناتۆری بەدەستهێنا، لەبەرامبەریشدا 7 دەنگ کە سەرجەمیان کۆماری بوون دژی گارلاند دەنگیاندا.

هەفتەی ڕابردوو گارلاند لەمیانەی دانیشتنێکی لیژنەکەدا بەڵێنیدا ئەگەر وەکو وەزیری دادی وڵاتەکە پەسەند بکرێت ئەوا" ئەرکی سەرەکی " ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی ناوخۆ دەبێت.

گارلاند وتی توندڕەوی ناوخۆ لە ئێستادا لە ئەمەریکا زۆر خراپترە لەو کاتەی کە لە ساڵی 1995 دا سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەیەکی دەکرد لە تەقینەوەی بینایەکی فیدڕاڵی لە ئۆکلاهۆما سیتی کە بووە هۆی کوژرانی 168 کەس.

لەگەڵ بەدەستهێنانی دەنگی دیموکراتەکان، گارلاند لەلایەن ئەندامە باڵاکانی کۆمارییەکانیشەوە دەنگی پێدرا، لەوانەش ڕابەری کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات سیناتۆر میچ مککۆنێڵ کە پێشتریش ڕایگەیاندبوو لە بەرژەوەندی گارلاند دەنگ دەدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG