Accessibility links

مێرکڵ سەردانی کۆشکی سپی دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لە کۆشکی سپی
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لە کۆشکی سپی

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵدا کۆبۆوە ، ئەمەش پێدەچێت دوایین سەردانی مێرکڵ بێت بۆ کۆشکی سپی.

دوای 16 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەڵمانیا، ئانگێلا مێرکڵ بەنیازە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆی ئەڵمانیا واز لە دەسەڵات بهێنێت.

کۆشکی سپی وتی " ئەم سەردانە جەخت لە پەیوەندییە گرنگە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەڵمانیا دەکاتەوە."

دوو سەرۆکەکە لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە هێڵەکانی بۆری گازی ڕوسیا کرد بۆ ئەڵمانیا کە ئەمەریکا دژایەتی دەکات، پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 گازی سروشتی لە ڕوسیاوە دەگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

ئەمەریکا دەڵێت پڕۆژەکە ئاسایشی وزەی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەش لەڕێی زیادکردنی پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی ڕوسیاوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕوسیا بتوانێت ئەوە وەکو کارتێکی فشار دژی وڵاتە لاوازەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئەوروپا بەکاربهێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی لەگەڵ مێركڵدا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی " نابێت ڕێگە بە ڕوسیا بدرێت وزە وەکو چەکێک بەکاربهێنێت بۆ هەڕەشەکردن یاخود فشارکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."

پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 کە لە قۆناغی تەواوبووندایە و تێچووەکەی 11 ملیار دۆلارە، ڕێگە بە ئەڵمانیا دەدات ئەو گازەی لە ڕوسیاوە هاوردەی دەکات بیکاتە دوو هێندە. بەڵام ئەو کاتە گازەکە بە ئۆکرانیادا ناڕوات، ئەوەش وادەکات ئۆکرانیا چیتر باجی ئەو گازە وەرنەگرێت کە بە خاکەکەیدا تێپەڕدەبێت.

بایدن وتی ئەمەریکا و ئەڵمانیا بیر لەوە دەکەنەوە چ ڕێوشوێنێکی کرداری بگرنەبەر ئەگەر هاتوو ئاسایشی وزەی ئۆکرانیا لاواز بکرێت.

دوای کۆبوونەوەکە مێرکڵ وتی " ڕاوبۆچوونی جیاوازمان هەبوو لەسەر ئەم پڕۆژەیە، بەڵام ڕێگەم بدەن زۆر بە ڕوونی بیڵێم : بیرۆکەی ئێمە ئەوەیە ئۆکرانیا هەمیشە وەکو وڵاتێک بمێنێتەوە کە گازی سروشتی پێدا تێپەڕببێت."

بەر لە کۆبوونەوەکەیان، نوێنەری کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مککاوڵ وتی هیوادارە بایدن داوا لە مێرکڵ بکات " سیاسەتێکی ڕوونتر لەسەر پڕۆژەکە بخاتەڕوو."

وتیشی هەردوو سەرۆکەکە دەبێت بزانن " ئەگەر ئەم پڕۆژەیە دەستبەکار بێت ئەوا بەرلین هەرگیز ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر دەرەنجامە خراپەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئاسایشی وزەی ئۆکرانیا و ئەوروپا کەمبکاتەوە، چەکی جیۆسیاسی ڕوسیا دەبێت بوەستێندرێت پێش ئەوەی کاتەکە درەنگ بێت."

مککاوڵ ئاماژەشی بەوەدا هیوادارە بایدن بتوانێت بۆچوونی مێرکڵ لەسەر چین دەربخات " لە نێوەندی کردەوە خراپەکانی " حیزبی شیوعی چینیدا.

جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ چیندا هەیە، هەندێک لە چاودێرە سیاسییەکان پێیان وایە مێرکڵ هەوڵ دەدات خۆی بەدووربگرێت لە هەڵبژاردن لە نێوان ئەمەریکا و چیندا.

بایدن وتی ئەمەریکا و ئەڵمانیا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی " پشتیوانی لە بنچینەکانی دیموکراسی و مافە جیهانیەکان بکەن لەکاتێکدا دەبینین چین یاخود هەر وڵاتێکی دیکە هەڕەشە لە کۆمەڵگە کراوە و سەربەخۆکان دەکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG