Accessibility links

ماکرۆن و مێرکڵ بەڵێن دەدەن لەنزیکەوە پێکەوە کاربکەن تاوەکو حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکدێت


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەڵێنیاندا پێکەوە لەنزیکەوە کاربکەن تاوەکو حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکدێت و مێرکڵ دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.

لە 16 ساڵی دەسەڵاتیدا وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، مێرکڵ کاری لەگەڵ چوار سەرۆکی فەڕەنسادا کردووە و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ هەموویاندا دروستکردووە.

بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، مێرکڵ لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە تاوەکو یاسادانەرانی وڵاتەکە جێگرەوەیەک دەستنیشان دەکەن، هیچ کۆتوبەندێکی فەڕمی لەسەر دەسەڵاتەکانی مێرکڵ نیە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەرلەوەی ئێوارەخوانەکەی لەگەڵ مێرکڵدا دەستپێبکات وتی " تاوەکو پێکهاتنی حکومەت، من و خاتوونی ڕاوێژکار، بەڕێز ئانگێلا مێرکڵ بەردەوام دەبین لە کارکردن پێکەوە لەسەر کێشە سەرەکییەکان، هەوڵ دەدەین چارەسەرەکانی فرانکۆ- ئەڵمان بخەینەڕوو، وەکو چۆن لە یەکەمین ڕۆژەوە کردوومانە."

لەلای خۆیەوە مێرکڵ وتی " هەروەها باسمان لەوەش کردووە کە ئێمە وەکو ئەڵمانیا دەمانەوێت شتێک بکەین هەمووشتێک بکرێت، بەشێوەیەک کاتێک پێویست بوو بڕیارێکی گرنگ بدرێت هیچ کۆسپێکی نەیەتە بەردەمی."

هەروەها ئاماژەشی بەو کێشانەدا کە پێویستە ئەڵمانیا و فەڕەنسا پێکەوە ڕووبەڕوویان ببنەوە، لەوانەش ئەفغانستان و بێلاڕوس و ئۆکرانیا.

بەرپرسانی فەڕەنسا ئاماژەیان بەوەدا هەفتەی ڕابردوو ماکرۆن لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا لەگەڵ دوو کاندیدی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا کۆبۆتەوە و داوای لێکردوون ڕوونی بکەنەوە هاوپەیمانێتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە داهاتوودا چۆن دەبێت و پێیان وایە هەڵبژاردنەکان چۆن بەڕێوەدەچن.

ڕاوێژکارێکی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی کۆبوونەوەکەی نێوان ماکرۆن و مێرکڵ کە دوایین کۆبوونەوەیە بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، ئێوارەخوانێکی ماڵئاواییکردن نەبووە، دواتر دەرفەتێکی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە پاریس کۆببنەوە، ئاماژەشی بەوەدا هەردوو سەرۆکەکە هیواخواز بوون بتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ تەواوکردنی کارەکانیان لەسەر کۆچ و قەیرانەکانی ئەفغانستان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG