ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیادا بەرگری لە ڕێکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆچ کرد و ئەو وڵاتانەی تۆمەتبار کرد کە دژایەتی ڕێکەوتنەکە دەکەن.
لە مانگی حەوتدا بڕیار لەسەر ڕیکەوتنی جیهانی سەبارەت بە کۆچی پارێزراو و ڕێکخراو درا لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بێجگە لە ئەمەریکا.
بەڵام ئوستوڕاڵیا وتی ڕێکەوتنەکە واژۆ ناکات بە هەمان شێوەی ئیسڕائیل و مەجەڕ و نەمسا و دەڵێت ڕێکەوتنەکە زیان بە سیاسەتی کۆچی وڵاتەکە دەگەیەنێت.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیادا وتی " هەندێک خەڵک هەن دەڵێن لە توانایاندا هەیە هەمووشتێک بەتەنیا چارەسەر بکەن بەبێ ئەوەی بیر لە لایەنەکەی دیکە بکەنەوە، ئەمە نەتەوە پەرستییە."
وتیشی ڕێکەوتنی جیهانی سەبارەت بە کۆچ لەبەرژەوەندی ئەڵمانیایە و جەختی لەوە کردەوە سەروەری ئەڵمانیا پێشێل ناکات.
هەندێک لە ئەندامانی حیزبەکەی مێرکڵ لەوانە وەزیری تەندروستی یانس شوبان کە وا پێشبینی دەکرێت شوێنی مێرکڵ بگرێتەوە و ببێتە سەرۆکی حیزبەکە، داوایان کردووە گفتوگۆی زیاتر بکرێت پێش ئەوەی ئەڵمانیا ڕێکەوتنەکە واژۆ بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز