Accessibility links

مێرکڵ: ئەڵمانیا لە پاڵ ئەمەریکادا دەوەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە جیهانیەکان


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی " لە پاڵ ئەمەریکا و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدندا دەوەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە جیهانیەکان، بەتایبەتی کێشەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و پەتای کۆرۆنا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان " پیرۆزباییەکی گەرمی لە جۆو بایدن " کرد کە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەبێتە 46 ەمین سەرۆکی ئەمەریکا. ئەمەش لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا ئاڵۆز بوو.

مێرکڵ " شارەزایی بایدنی لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆدا بەرز نرخاند " و جەختی لەوە کردەوە " بایدن بەباشی ئەڵمانیا و ئەوروپا دەناسێت " ، ئەمەش بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرۆک ترامپ بدات کە لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتەکەیدا سەردانی ئەڵمانیای نەکردووە.

مێرکڵ کە خۆی یەکەمین ئافرەتە فەرمانڕەوایی ئەڵمانیا دەکات، پیرۆزبایی لە کامالا هاریس کرد کە ئەویش یەکەمین ئافرەتە ببێتە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، وتی " کامالا سەرچاوەی ئیلهامە بۆ زۆرێک و نمونەی تواناکانی ئەمەریکایە."

وتیشی " ئەڵمانیا و ئەمەریکا هاوپەیمانن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەها سەرەکیەکانی پەیوەست بە دیموکراسی و شکۆ و دەوڵەتی یاسا لە هەردوولاماندا بوونی هەیە."

ئاماژەشی بەوەدا پێویستە واشنتن و بەرلین " بەرەیەکی هاوبەش پێک بهێنن و ڕووبەڕووی کێشە گەورەکانی سەردەمەکەمان ببنەوە، لە پاڵ یەکدا لەم کاتە قورسەدا کە ڕووبەڕووی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووینەتەوە، لە پاڵ یەکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و کێشە جیهانیەکانی دیکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا."

مێرکڵ کە لە ساڵی 2021 دا واز لە دەسەڵات دەهێنێت وتی " ئەمەریکا هاوپەیمانی سەرەکیمانە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئێمە دەکات هەوڵی زیاتر بدەین بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆمان و بەرگریکردن لە بڕوامان لە جیهاندا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG