ئانگێلا مێرکل یەکشەممە لە ئیسرائیل بە گەرمی پێشوازی لێکرا لە دەمێکدا دواین سەردانی بۆ ئەو وڵاتە کرد، بەڵام لە سەر بابەتەکانی پرۆگرامی ناوکی ئێران و دامەزراندنی وڵاتێکی فەلەستینی ناکۆکییان هەبوو.
مێرکل دەڵێت کە ئاڵمان بەلێندار دەمێنێتەوە کە رێکەوتنی نێونەتەوەیی ناوکی لە گەڵ ئێران نوێبکاتەوە هەنگاوێک کە ئێسرایل بەرهەڵستێتی. ئەو هەروەها دەلێت کە ئاڵمان باوەڕی وایە چارەسەری دوو وڵات هەروا باشترین رێگا بۆ کۆتایی پێهێنان بە کێشەی دەیان ساڵەی ئیسرائیل لە گەڵ فەلەستینییەکانە.
ئەو لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانی لە گەڵ سەرۆک وەزیری ئیسرایل نەفتالی بێنێت گوتی، "پێم وایە کە لە سەر ئەم بابەتە، ئەگەر چی لە ئەم قۆناخەدا وێدەچێت بێ هیوا بێت، بەڵام بیرۆکەی چارەسەری دو وڵات نابێت لە مێزی وتووێژ لاببردرێت، نابێت ژێرگڵ بکرێت.... و ئەوەش کە فەلەستینیەکان دەبێت لە توانایان دا بێت بە شێوەیەکی پارێزراو لە وڵاتێکدا بژین."
هەروەها گوتیشی کە سازکردنی خانووبەرەکانی ئیسرایل لە ناوچەکانی داگیرکراودا لە لایەن فەلەستینیەکانەوە یارمەتیدەر نیە.
بەڵام بێنێت، بە خێرایی وەڵامی دایەوە و گوتی، "بە گویرەی ئەزموونی ئێمە، مانای وڵاتێکی فەلەستینی زۆر وەک دامەزراندنی وڵاتێکی تێرۆر دەچێت، کە چەند خولەکێک لە ماڵەکەم و یان لە هەر شوێنێکی ئیسرائیل دوور بێت."
سەرۆک وەزیر کە خۆی بە "پیاویکی خاوەن کردەوە" دەزانیت گوتی بە جێگای ئەوە ئامادەیە کە هەنگاوی بە کردەوە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی فەلەستینیەکان لە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەزە بگرێتە بەر.
حوسەین ئەل شێخ، کاربەدەستێکی باڵای فەلەستینی کە چاودێری بە سەر پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیلدا دەکات بە تووڕەییەوە لە سەر تویتر نووسی، "خراپترین تێرۆریسم داگیرکارییە، نەک دامەزراندنی وڵاتێکی فەلەستینی."
ئەمە یەکێک لە دەگمەن ناکۆکییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانی نزیک لە ماوەی سەردانی دوو ڕۆژەی خانمی مێرکل بۆ ئیسرائیل بوو.
ئەو خانمە لە ئیسرائیل وەک "دۆستێکی راستەقینە" پێشوازی لێکرا. ئەو بەردەوام بەڵێنی ئاڵمانی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردەوە و گوتی دڵنیایە کە حکومەتی داهاتووی ئاڵمانیش هەر ئەم هەڵوێستە دەگرێتە بەر.
ئەو سەبارەت بە مەسەلەی ناوکی ئێران گوتی: هەر گیز پێم وانەبوو کە رێکەوتنی ناوکی نێونەتەوەیی ٢٠١٥ زۆر باش بووبێت، بەڵام باشتر لە نەبوونی ڕێکەوتنێکە. ئەو گوتی دۆخەکە ئێستا "زۆر سەختە" لە دەمێکدا ئێران درێژە بە پیتاندنی یورانیۆم دەدات.