Accessibility links

ڕۆژی چوارشەممە دەنگدانێک دەکرێت بۆ متمانە وەرگرتنەوە لە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا


نوێنەرانی حیزبەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە دەنگدانێک ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە تێریزا مەی.

سەرۆکی لیژنەی 1922ی حیزبەکە گراهام برادی وتی کاتی پێویست بۆ دەنگدانەکە تێپەڕبووە.

وتیشی ڕۆژی چوارشەممە دەنگدانێک ئەنجام دەدرێت و بەزووترین کات ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی هەرچی لە توانامدا بێت دەیکەم بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دەنگدانە. وتیشی دەنگدانەکە داهاتووی بەڕیتانیا و دانوستانەکانی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها وتی هەر سەرۆک وەزیرێکی دیکە بێتە جێگەی من ئەوا ناچار دەبێت کاتی جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا درێژبکاتەوە بۆ دوای 29 ی مانگی سێ.

وتیشی " کات لەبەردەست سەرۆک وەزیرە نوێیەکەدا نابێت بۆ دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکەوتنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و لە دەنگدانی پەرلەماندا پەسەندی بکات، لەبەر ئەوە یەکێک لەو ڕێوشوێنانەی کە دەیگرێتەبەر ئەوەیە کە یان ماددەی 50 درێژ دەکاتەوە یاخود هەڵیدەوەشێنێتەوە، یان ئەوەتا دەستبەرداری جیابوونەوەکە دەبێت لە یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدا خەڵک داوامان لێدەکەن جیاببینەوە."

XS
SM
MD
LG