سەرۆک وەزیری بەریتانیا تێریزا مەی داوای لە وەزیرەکان کرد یەکڕیزی و هێز دەربخەن کە لەم کاتەدا بەریتانیا زیاد لە هەموو شتێکی دیکە پێویستی پێیانە و هەروەها داواشی لێکردن نهێنی گفتوگۆکان بپارێزن و لۆمەی هەندێک لە وەزیرەکانی کرد کە کارەکانیان بەجددی وەرناگرن.
دوای ئەوەی تێریزا مەی شکستی هێنا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەریتانیادا بە ئاشکرا ناکۆکی کەوتە نێوان هەندێک لە وەزیرەکانەوە بەهۆی هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و هەروەها خەرجی ساڵانەی بەریتانیا.
لەڕێی چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بەریتانیا بڵاویان کردەوە کە ڕەخنەیەکی زۆر لە وەزیری دارایی فیلیپ هامند دەگیرێت کە ڕووبەڕووی هێرش بۆتەوە بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە سەبارەت بە خەرجی حکومەت و هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.
وتەبێژی فەڕمی تێریزا مەی وتی مەی بە وەزیرەکانی حکومەتی بەریتانیای وتووە " پێویستە یەکڕیزی و هێز دەربخەین و ئەوەش لەسەر مێزی گفتوگۆکانەوە دەست پێدەکات."
وتەبێژەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " حکومەت بەشێوەیەکی باشتر بڕیارەکان دەردەکات ئەگەر وەزیرەکان بتوانن گفتوگۆی کراوە ئەنجام بدەن لەسەر مێزی گفتوگۆکان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز