Accessibility links

زیاتر لە 500 تەرم لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی ڕەققە دەردەهێنرێنەوە


کاربەدەستێک لە شاری ڕەققەی باکوری سوریا دەڵێت زیاتر لە 500 تەرم لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە نزیک شارەکەیان دەرهێنراونەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت حمود ئەلشەواخ ئەمڕۆ سێشەممە گوتویەتی هەتا ئێستا 516 تەرم لە گۆڕی بە کۆمەڵی ناوچەی پانۆراما دەرهێنراون و هێشتا پـرۆسەی دەرهێنانی تەرمی دیکە بەردەوامە.

گوتوشیەتی تەرمەکانی دەرهێنراونەتەوە پـێدەچێت هی چەکدارانی داعش و خەڵکی سیڤیل بن.

گۆڕی بە کۆمەڵی پانۆراما یەکێکە لەو 9 گۆڕە بە کۆمەڵە گەورانەی هەتا ئێستا لە شاری ڕەققە و دەوروبەری دۆزرانەتەوتە و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 1500 تەرمی تێدابێت. دەڵێن تەرمەکان تێکەڵەیەکە لە تەرمی ئەو کەسانەی بە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان کوژراون و تەرمی چەکدارانی داعش.

سارە کەیالی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW ، لەم بارەیەوە گوتی ئەوان لە پـێشبڕکێـیەکدان لەگەڵ کاتدا بەر لەوەی تەرمەکان ببن بە خۆڵ.

عەبدولڕەئوف ئەلئەحمەد، جێگری سەرۆکی پـزیشکی دادوەری ئەویش گوتی تیمەکانیان ڕۆژانە لە 8 ی بەیانیـیەوە دەستبەکاردەبن و بۆ ماوەی7 کاژمێر بە بەردەوامی کاردەکەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە داعش لە کۆتایی مانگی هەشتی ساڵی 2014 وە هەتا مانگی دەی ساڵی 2017 شاری ڕەققەی داگیرکردبوو و وەکو پایتەختی خۆی لێکردبوو.

XS
SM
MD
LG