Accessibility links

عێراق: گۆڕێکی بەکۆمەڵی چەکدارانی داعش لە موسڵ دۆزراوەتەوە


بەرپرسانی عێراق وتیان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە شاری موسڵ هەڵداوەتەوە و تیایدا لاشەی 85 چەکداری داعش و خزم و کەسەکانیان دەرهێناوە.

بەرپرسی شیکارییەکانی موسڵ حەسەن وەثیق ئەل ئەنزی وتی ڕۆژی شەممە لاشەی 35 کەس کە لەنێوان ساڵەکانی 2016 بۆ 2017 کوژراون دەرهێندراونەتەوە، ڕۆژی یەکشەممەش 50 لاشەی دیکە دۆزراونەتەوە و " کارەکان بەردەوامن."

ئەمەش یەکەمین جارە دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش ڕابگەیەندرێت کە لە ساڵەکانی 2016 – 2017 لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵدا کوژراون.

ئەنزی نەیتوانی بەدیاریکراوی ئاماژە بە کۆی ژمارەی لاشەکان لە شوێنەکە و بارودۆخ و چۆنێتی کوژرانیان بدات.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕێکخراوی داعش زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵیان دوای خۆیان جێهێشتووە و پێدەچێت نزیکەی 12,000 لاشەیان تێدابێت.

ئەنزی وتی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی موسڵ لە پشت مزگەوتێکدا دۆزراوەتەوە لە ناوچەیەکی دانیشتوان لە ئەل ڕیفای، وتیشی نموونەی دی ئێن ئەی لە لاشەکان وەردەگیرێت تاوەکو ناسنامەکانیان بزاندرێت.

بەرگری مەدەنی موسڵ وتی لەکاتێکدا کە ڕۆژی شەممە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەستیپێکردووە، بەرپرسان پێشتر سەبارەت بەو شوێنە زانیویانە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG