ڕێکخراوی چاودێری سوریا بۆ چاودێری بە سەر مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەرۆژی چوارشەمەوە تاکو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار کەس لەعەفرین ئاوارەبوونە. راپۆرتیان پێگەیشتووە کە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا و تۆپبارانی تۆپخانەکانیان تا نیوەی شەوی رابردوو بە توندی هەریمی عەفرینیان بۆمباران کردووە.
سەرباری ئەوە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە و رێخراوی روانگەی چاودێری مافەکانی مرۆڤیش دەڵێن کە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوێنێ شەو بۆردومانی نەخۆشخانەی سەرەکی عەفرینیان کردووەو لەئەنجامدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام لەشکری تورکیا دەڵێت "وا نیە و لە تویتێکدا بڵاویان کردۆتەوە کە هەواڵی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکەی عەفرین راست نیە و ئێمە لە ئۆپراسیۆنەکەماندا خەڵکی مەدەنی ناکەینە ئامانج." بەڵام بەپێی راپۆرتە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ زیاد لە 300 خەڵکی مەدنی لە عەفرین بەهۆی بۆردومانەکانی لەشکری تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە ئەمە بێجگە لە بە ئامانجگرتنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و برینداربوونی سەدان کەس لە عفرین و دەوروبەری.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ رۆژی هەینی رایگەیاند کە بە سەختی نیگەرانن سەبارەت بە سوریا بەهۆی ئەو ئاوارەبوونە بە کۆمەڵەی خەڵکانی غوتەو عەفرین.
ئانتۆنیۆ گوتێررێس گوتی: "لە ڕادەبەدەر بە داخم کە بڕیاری ٢٤٠١ سەبارەت بە دەست هەڵگرتن لە دوژمنایەتی کە بە تێکرای دەنگ لە ٤ی مارس لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسند کرا، جێ بە جێ نەکراوە."
ڕاڤینا شامدەسانی وتەبێژی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، "چەندین ڕاپۆرتی ئاگادارکردنەوە و مەترسیدارمان سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی لە عەفرین پێگەیشتووە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی."
ئاماژەی بە ئەوەش کرد کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەستیان گەیشتووە بارودۆخی مرۆیی عەفرین بەرەو خراپتربوون دەڕوات و بەهۆی زیادبوونی ژمارەی بریندارانەوە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو شارە ڕووبەڕووی کەمی پێداویستی پزیشکی بوونەتەوە.
شامدەسانی ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا سەرچاوەکانی ئاوی کانتۆنی عەفرین زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە.
24 ی مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ پڕۆژە بڕیاری 2401 ی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 30 ڕۆژە لە سەرتاسەری سوریا بە عەفرینیشەوە پەسەندکرد، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا هەمان نیگەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانی هەیە لەبارەی دۆخی مرۆیی لە سوریا، هیچ پاساوێک نیە بۆ کردنە ئامانجی هاوڵاتیانی مەدەنی.
هێدر ناورت وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا لە تویتەری خۆی ڕاپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکانى سەبارەت بە خراپی بارودۆخی عەفرین هاوبەشیکردووە و ڕایگەیاندووە، "ئەمریکا هەمان نیگەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانی هەیە لەبارەی دۆخی مرۆیی لە سوریا؛ هیچ پاساوێک نیە بۆ کردنە ئامانجی هاوڵاتی مەدەنی و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەندی ئاگربەستی سوریا ببن، هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن و خۆیان لە گرژییەکان بەدووربگرن".
ئەو وتەبێژە ڕاشیگەیاندووە، "ئەمریکا داوا دەکات سەرنج بخرێتەوە سەر شەڕی داعش".