Accessibility links

سەرچاوەیەک: کاربەدەستێکی ئەمەریکا لوبنانیـیەکانی ئاگادارکردووەتەوە یارمەتی حزبوڵڵا نەدەن


سەرچاوەیەک دەڵێت کاربەدەستێکی ئەمەریکا لوبنانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی وڵاتەکەی سزای هەر لایەن دەدات پشتیوانی حزبوڵڵا بکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەک لە لوبنان بۆی ئاشکراکردوون مارشاڵ بلینگسلی، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری دارایی دژە تێرۆرزم بە کاربەدەستانی لوبنانی گوتووە هەر لایەنێک یارمەتی حزبوڵڵا بدات، ئیدی بە چەک یان پارە و هەر شتێکی دیکەی ماددی، ئەوا ئەمەریکا سزای دەدات.

بەڵام دڵنیایی داوە سزاکان تەنیا ئێران و ئەو گروپانەی سەر بە ئێران لە ناوچەکە دەگرێتەوە و هیچ کاریگەری نابێت بەسەر ئەو لایەنانەی لە ناو لوبناندا پەیوەندی سیاسیـیان لەگەڵ حزبوڵڵادا هەیە.

بلینگسلی شەوی یەکشەممە گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و ئەمڕۆ هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەگەڵ هەریەک لە سەعەد ئەلحەریری سەرۆک وەزیر و نەبیهـ بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کۆبووەوە.

پـێشتر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان لە ڕایگەیانێکدا نووسیویەتی، مارشاڵ بلینگسلی بۆ سەردانێکی دوو ڕۆژی گەیشتووەتە لوبنان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری کاربەدەستانی لوبنان. دەشڵێت بلینگسلی هانی لوبنانیـیەکان دەدات هەنگاوی پـێویست بنێن بۆ خۆدورگرتن لە حزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکەی دەیانەوێت سەقامگیری و دامودەزگاکانی لوبنان لاوازبکەن.

حزبوڵڵا لە کۆی 128 کورسی پەرلەمانی لوبنان خاوەنی 13 کورسـیـیە و 3 وەزیری لە حکومەتدا هەیە.

XS
SM
MD
LG