Accessibility links

ماکرۆن دەڵێت باڵیۆزی فەڕەنسا لە نەیجەر دەمێنێتەوە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە وتارێکدا بۆ دیبلۆماتکاران وتی باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ نەیجەر لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە سەرەڕای فشارەکانی ڕابەرانی کودەتاکەی ئەمدواییەی نەیجەر کە داوایان کردووە باڵیۆزەکە وڵاتەکە جێبهێڵێت.

ماکرۆن جەختیشی لە پشتیوانی فەڕەنسا کردەوە بۆ سەرۆکی دوورخراوەی نەیجەر محەمەد بازوم.

ماکرۆن وتی " پێم وایە سیاسەتەکەمان سیاسەتێکی ڕاستە. لە بوێری سەرۆک بازومەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها لە پابەندبوونی باڵیۆزەکەمانەوە بە شوێنەکەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەرەڕای هەموو فشارەکان دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن بەرپرسانی نایاساییەوە ڕاگەیەندراون."

ماکرۆن داواکانی هەندێک لە وڵاتانی وەکو ئەمەریکا و ئەوروپا و زلهێزەکانی ڕۆژئاوای ڕەت کردەوە بۆ دەستبەرداربوون لە بازوم.

ماکرۆن وتی " ئێمە دان نانێین بەوانەدا کە کودەتاکەیان ئەنجامدا، ئێمە پشتگیری لە سەرۆکێک دەکەین کە هێشتا دەستی لەکارنەکێشاوەتەوە، کە تاوەکو ئێستاش پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە."

کۆمەڵەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئەفریکا لە هەوڵی ئەوەدان گفتوگۆ لەگەڵ ڕابەرانی کودەتاکەی نەیجەردا بکەن، هەروەها وتوویانە ئامادەن بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی بۆ گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ وڵاتەکە ئەگەر هەوڵە دیبلۆماتییەکان شکست بهێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG