Accessibility links

کۆمپانیاکانی بیمەی هاتوچۆی دەریایی تاووتوێی زیادکردنی نرخەکانیان لە کەنداو دەکەن


کۆمپانیاکانی بیمەی هاتوچۆی دەریایی لە لویدزی لەندەن ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆدەبنەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی ڕەوشەکە لە کەنداوی فارس، ئەمەش پاش زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و هەروەها هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە ئەوەی لە بەندەرێکی ئیمارات کرایە سەر چوار کەشتی.

بەپـێی ماڵپەڕی The Nationalی ئیماراتی، نێڵ ڕۆبەرتس سەرۆکی بیمەی دەریایی لە بازاڕی لویدز گوتویەتی کۆمیتەی هاوبەشی جەنگ The Joint War Committee کە نوێنەری کۆمپانیاکانی لە نێودایە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە کۆبوونەتەوە بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون بەهۆی نەبوونی زانیاری پـێویست لە بارەی دۆخەکە.

گوتیشی کۆمیتەکە بڕیاری داوە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببێتەوە تاوەکو بڕیار بدات بیمەی هاتوچۆ زیادبکرێت یان نا.

لە لایەکی دیکەی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی ژاپـۆنی NYK کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ گواستنەوە، بڕیاری داوە کەشتی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری فوجیەری ئیمارات ڕەوانە نەکات. واتە بۆ ئەو بەندەرەی لە ڕۆژی یەکشەممە چوار کەشتی لێی کرانە ئامانج.

XS
SM
MD
LG