Accessibility links

فینلەندا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەسەر چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەدات


سەرۆک وەزیری فینلەندا سانا مارین
سەرۆک وەزیری فینلەندا سانا مارین

سەرۆک وەزیری فینلەندا سانا مارین وتی فینلەندا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا دەچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە یاخود نا، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی سیاسەتی ئاسایشی ئەو وڵاتە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

فینلەندا و سویدی دراوسێی پەیوەندییەکی نزیکییان لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەبوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا کە لە ساڵی 1949 دا و لەمیانەی جەنگی سارددا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتی سۆڤییەت دامەزرا.

مارین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا سویدییەکەی لە ستۆکهۆڵم وتی " ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە کردەوەیەکین لە ڕووسیاوە."

وتیشی بژاردەی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت زۆر بە وریاییەوە تاوتوێ بکرێت بەڵام کاتێک هێزەکانی ڕووسیا هێرشییان کردە سەر ئۆکرانیا هەموو شتەکان گۆڕان.

مارین وتی " جیاوازی نێوان ئەوەی هاوبەشی هاوپەیمانێتی ناتۆ بیت یاخود ئەندام بیت تیایدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە. هیچ گرەنتییەکی ئاسایش نیە جگە لە گرەنتییە ئاسایشییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ کە لە بەندی پێنجدا باس کراوە."

جێی ئاماژەیە بەندی پێنجی هاوپەیمانێتییەکە ئاماژە بەوە دەدات هەر وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ هێرشی بکرێتەسەر ئەوا سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە دەبێت بەرگری لێبکەن.

وتی زۆر گرنگە بۆچوونێکی گشتی هەبێت لە فینلەندا، کە لەمیانەی جەنگی جیهانی دووەمدا دژی داگیرکەرانی یەکێتی سۆڤییەت شەڕی کرد و لەو کاتەوە لە هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییدا نەبووە، وتیشی پارتە سیاسییەکانی فینلەندا دەبێت لە ناوخۆدا گفتوگۆ بکەن و لە هەفتەکانی داهاتووشدا پەرلەمانی وڵاتەکە تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن.

فینلەندا و سوید کە بە هەمان شێوە دووبارە بیر لە سیاسەتی ئاسایشی وڵاتەکەی دەکاتەوە، هەردووکیان بەشداری لە مەشقەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەکەن و زانیاریی هەواڵگریی لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکەدا دەگۆڕنەوە.

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی چوونە پاڵ ناتۆ باشی و خراپی خۆی هەیە، بەڵام گرنگترین سوودی بەندی پێنجی هاوپەیمانێتییەکەیە.

لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا سوید وڵاتێکی بێلایەن بوو، ماوەی 200 ساڵیشە هیچ شەڕێکی نەکردووە.

ڕووسیا چەند جارێک هۆشداری داوەتە ئەو دوو وڵاتە لەسەر چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتوویەتی ئەگەر سوید و فینلەندا بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەوا ڕووسیا ناچار دەبێت بەپێی ڕێوشوێنەکانی خۆی " بارودۆخەکە دووبارە هاوسەنگ بکاتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG