Accessibility links

بەرپرسانی یەمەن: بەهۆی هێرشیکی موشەکیەوە بۆ سەر مزگەوتێکی نزیک لە مەئریب 20 کەس کوژران


بەرپرسانی یەمەن دەڵێن لە هێرشێکی موشەکی حوسییەکاندا بۆ سەر مزگەوتێکی باشووری شاری مەئریبی یەمەن لانی کەم 22 کەس کوژراون.

بەرپرسێکی سەربازیی سەر بە حکومەتی یەمەن بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " لە هێرشێکی موشەکی حوسییەکاندا بۆ سەر مزگەوتێک لە ناوچەی ئەل جەوبە، 22 کەس کوژراون، منداڵیشیان تێدایە، هەروەها 19 کەسی دیکەش برینداربوون."

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی مزگەوتەکە خوێندنگایەکی ئایینیشی تێدا بووە.

وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن موئەمەر ئەل ئیریانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە 29 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون، هەروەها دەڵێت منداڵ و ئافرەتیشیان تێدابووە.

وتی " ئەم کۆمەڵکوژییە ترسناکە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیدا دێت لەلایەن چەکدارە تیرۆریستەکانی حوسییەکانەوە."

هێشتا حوسییەکان لێدوانیان لەسەر هێرشەکە نەداوە، ئەم هێرشە لەکاتێکدایە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران و حکومەتی یەمەن کە لەلایەن هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، زیاتر بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە حوسییەکان هێرشێکی موشەکی دیکەیان کردە سەر ماڵی سەرۆک هۆزێک لە ئەل جەوبە و 13 کەس کوژران، لەنێو کوژراوەکاندا منداڵیشیان تێدا بووە.

شاری مەئریبی پایتەختی هەرێمی مەئریب کە دەوڵەمەندە بە نەوت، دوایین ناوچەی ژێردەسەڵاتی حکومەتی یەمەنە لە باکووری وڵاتەکەدا.

لە مانگی دوودا حوسییەکان هەڵمەتێکی سەربازی گەورەیان دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە، دوای ئەوەی بەرپەرچ درانەوە، لەم هەفتانەی دواییدا هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە دەستپێکردۆتەوە.

لە 11 ی مانگی 10 ەوە هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە هێرشی ئاسمانی دژی حوسییەکان ئەنجام دەدات تاوەکو ڕێگەیان نەدات بگەنە شاری مەئریب.

بەپێی هاوپەیمانێتیەکە، لەو کاتەوە زیاتر لە 2,200 چەکداری حوسییەکان لە ئەل جەوبە و دوو ناوچەی دیکە کوژراون.

حوسییەکان بە دەگمەن لێدوان لەسەر زیانە گیانیەکانیان دەدەن، دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیش نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکاتەوە.

شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014 دا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حوسییەکان کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەختی یەمەنیان کرد، ئەمەش هاوپەیمانێتیەکەی سعودیەی ناچار کرد دژی حوسییەکان بوەستێتەوە و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن بکات.

لەو کاتەوە دەیان هەزاران کەس لە یەمەن کوژراون و ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارە بوون، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت یەمەن ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بۆتەوە لە جیهاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG