Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە مالی کۆمەڵێک لە هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژران


ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی مینوسما وتی ڕۆژی چوارشەممە حەوت سەربازی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە لە ناوەڕاستی مالی کوژران، تەقینەوەکە لە کاتێکدا بووە بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئوتومبێلەکانی هێزەکاندا تەقیوەتەوە.

شاندەکە وتی " حەوت کەس کوژراون و سێ کەسی دیکە بە سەختی برینداربوون." بەڵام ئاماژەی بە ناسنامەی کوژراوەکان نەدا.

وتیشی تەقینەوەکە لە ناوچەی باندیاگارا لە هەرێمی مۆپتی ڕوویداوە، لە کاتێکدا بووە کاروانەکە لە دوێنتزەوە بەرەو سیڤارێ ڕۆیشتوون.

سەربازێکی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 22 ی مانگی یانزەدا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی قەراغ ڕێگایەکەوە لە نزیک شارۆچکەی تیسالێت برینداربوو، ڕۆژی دووشەممە گیانی لەدەستدا.

مالی ناوەندی گروپە جیهادییەکانە کە لە ساڵی 2012 ەوە دەستیان بە چالاکیەکانیان کردووە و لە ماوەی سێ ساڵی دواتردا پەرەیان سەند بۆ وڵاتانی دراوسێی مالی، نایجەر و بورکینا فاسۆ.

هەزاران کەس لە سەرانسەری ناوچەکەدا کوژراون، نزیکەی دوو ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.

هێرشەکان لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجام دەدرێن کە سەر بە ڕێکخراوی ئەل قاعیدە یاخود داعشن.

مینوسما، ئەرکێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سەقامگیرکردنی مالی کە لە ساڵی 2013 ەوە دەستیکرد بە ئەرکەکانی و ڕەوانەکردنی سەربازەکانی بۆ مالی.

بەپێی ماڵپەڕەکەی، مینوسما 16,000 کارمەندی هەیە، لەنێویشیاندا 10,700 سەرباز هەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG