Accessibility links

مالی داوا لە دانیمارک دەکات دەستبەجێ هێزەکانی لە وڵاتەکە بکشێنێتەوە


حکومەتی مالی دەڵێت داوای لە دانیمارک کردووە دەستبەجێ هێزەکانی لە وڵاتەکە بکشێنێتەوە کە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بە ڕابەرایەتی فەڕەنسا ڕەوانەی مالی کراون.

حکومەتی مالی هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بەبێ ڕاوێژکردن بە حکومەتی مالی هاتوونەتە وڵاتەکەوە و شکستیان هێناوە لە مامەڵەکردنیان بەپێی پڕۆتۆکۆڵەکان.

حکومەتی مالی لە بەیاننامەیەکدا وتی " حکومەتی مالی بە سەرسوڕمانەوە تێبینی هاتنی هێزی تایبەتی دانیمارک دەکات بۆ ناو وڵاتەکە."

وتیشی ڕەوانەکردنی ئەو هێزانە بۆ مالی بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی مالی بووە، هەروەها بەبێ گوێدان بە پڕۆتۆکۆڵەکانیش بووە، ئاماژەشی بەوەدا حکومەتی دانیمارک دەبێت دەستبەجێ هێزەکانی بکشێنێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە سەرجەم هاوبەشەکان لەو هێزانەدا کە ڕەوانەی مالی کراون دەبێت بەر لە ڕەوانەکردنیان ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی مالیدا بکەن و حکومەتی مالی پەسەندییان بکات.

بڕیارەکەی مالی لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان مالی و هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی لە زیادبووندایە، لەنێویشیاندا وڵاتانی ناوچەکە و یەکێتی ئەوروپا کە سزای بەسەر مالیدا سەپاندووە.

هۆکاری سەپاندنی سزاکەش بەهۆی ئەوەوە بوو حکومەتی کاتی مالی دوابەدوای دوو کودەتای سەربازیی شکستی هێنا لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکاندا.

هۆکارێکی دیکەی گرژییەکانیش ئەو هەواڵانەیە کە گوایە بەرپرسانی حکومەتی کاتی مالی کۆمەڵێک بەکرێگیراوی تایبەتی سەربازییان لە گروپی واگنەری سەر بە ڕووسیاوە هێناوەتە وڵاتەکەوە، کە هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش کە هێزیان لە مالی هەیە وتیان ئەو کارەی مالی لەگەڵ ئەرکەکەیاندا ناگونجێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG