Accessibility links

فەڕەنسا و مالی دەڵێن لە هێرشێکدا لانی کەم 20 چەکدار کوژراون


سوپای مالی ڕایگەیاند هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هێزە ئەوروپییەکان و هێزەکانی فەڕەنسادا بەشداری لە هێرشێکدا کردووە کە تیایدا لانی کەم 20 چەکداری ئیسلامییەکان کوژراون. ئەم هێرشە هاوبەشەی نێوان مالی و فەڕەنسا لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان فەڕەنسا و حکومەتی مالی لە زیادبووندایە.

وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا وتی هێزەکانی فەڕەنسا و هێزەکانی تاکوبای ئیستۆنیا شان بە شانی هێزە چەکدارەکانی مالی لە هەرێمی لیپتاکۆی مالی لە نزیک سنوورەکانی بورکینا فاسۆ و نایجەرەوە " نزیکەی 30 چەکداری ئیسلامییان کوشتووە."

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشدا لە ئەرکە سەربازییەکەدا کە هێزی وشکانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانی چاودێری و فڕۆکەی جەنگی میراج 2000 بەشدارییان تێداکردووە، دەست بەسەر کەلوپەل و سوتەمەنیدا گیراوە و ئەو ئوتومبێلانەشی کە " نزیکەی 10 کیلۆگرام تەقەمەنییان تێدا بووە " لەناوبراون.

سوپای مالیش بە هەمان شێوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە کۆمەڵێک ئەرکی سەربازیدا کە لەمدواییانەدا ئەنجامییانداون، یەکێک لەو ئەرکانە هێرشێک بووە لەگەڵ هێزەکانی تاکوبای ئیستۆنیادا لە دێلیمانی، هەمان ئەو هێزەی کە لە بەیاننامەکەی فەڕەنسادا ئاماژەی پێدراوە.

وتەبێژی سوپای مالی کۆلۆنێڵ سولەیمان دێمبلی لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە ئەرکە سەربازییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا ئەو ئەرکەی کە لە بەیاننامەکەی فەڕەنسادا باسی لێوەکراوە هەمان ئەو ئەرکەیە کە سوپای مالی ئاماژەی پێداوە.

بەپێی بەیاننامەکەی مالی، 20 تیرۆریست و کۆمەڵێک ئوتومبێل لەناوبراون، هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێک چەکیشدا.
ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری مالی چۆگوێل مایگا وتی هێزەکانی تاکوبا بۆ " دابەشکردنی مالی " پێکهێندراوە، هەروەها کۆمەڵێک تۆمەتیشی ئاڕاستەی سوپای فەڕەنسا کرد.

لە ساڵی 2013 دا هێزەکانی فەڕەنسا بەمەبەستی یارمەتیدانی حکومەتی مالی لە دژی گروپە چەکدارییەکان گەیشتە مالی، لەو کاتەدا ئەو گروپانە دەستیان بەسەر باکووری وڵاتەکەدا گرتبوو.

هێزەکانی تاکوبا ئەرکێکی ئەوروپییە و لە ساڵی 2020 دا ڕەوانەی مالی کراون، هێزەکە لە 900 سەرباز پێکهاتوون. حکومەتی مالی لە مانگی یەکدا داوای لە هێزەکانی دانیمارک کرد کە لە چوارچێوەی تاکوبادا هاتبوونە وڵاتەکەوە، بەزووترین کات وڵاتەکە جێبهێڵن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG