هەرێمی جیاخوازەکانی ماڵدۆڤا کە پشتیوانی لە ڕووسیا دەکەن ڕەخنەیان لە یەکێتی ئەوروپا گرت لەسەر ئەوەی یەکێتیەکە بەڵێنیداوە پشتیوانی سەربازیی بۆ چیسیناوی پایتەختی ماڵدۆڤا بنێرێت، هەروەها هۆشدارییاندا لەسەر مەترسی زیادبوونی گرژییەکان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترس و نیگەرانییەکان سەبارەت بەوەی ڕەنگە ماڵدۆڤا ڕابکێشرێتە نێو ململانێکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیاوە، زیاتر بوون. ئەمەش دوای ئەوەی جیاخوازەکانی هەرێمی ترانسدنێستریای ماڵدۆڤا کە پشتیوانی لە ڕووسیا دەکەن بەرپرسیارێتی " تەقەکردنەکان و تەقینەوەکان و هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر هەرێمەکەی" خستە سەر ئەستۆی کیێڤ.
وەزیری دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ترانسدنێستریا ڤیتاڵی ئیگناتیێڤ کە خۆیان وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ ناساندووە، وتی " ڕەوشەکە لە خراپ بووندایە چونکە ترانسدنێستریا ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بووەتەوە."
دووبارە جەختیشی لەوە کردەوە ئۆکرانیا بەرپرسە لەو پشێوییانەی کە لە هەفتەی ڕابردووەوە لە هەرێمەکەدا ڕوودەدەن، وتیشی ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەی ئۆکرانیا خراوەتەخوارەوە.
وتیشی " بەڕاستی هیچ هۆکارێک نابینم لەسەر ئەوەی بۆچی ئۆکرانیا ئەو جۆرە شێوازە دژی ترانسدنێستریا بەکاردەهێنێت، ترانسدنێستریا هەڕەشەی لە ئۆکرانیا نەکردووە. چەند جارێک وتوومە ئێمە بەدڵنیاییەوە وڵاتێکی ئاشتیخوازین."
ماوەی 30 ساڵە ماڵدۆڤا ڕووبەڕووی کێشەی ململانێکانی جیاخوازەکان بووەتەوە کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە. زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە بە زمانی ڕۆمانی قسە دەکەن و وڵاتەکەش دەکەوێتە نێوان ئۆکرانیا و ڕۆمانیاوە. هێزێکی ئاشتی پارێزی ڕووسیا لە ناوچەیەکی ترانسدنێستریادا جێگیرکراون کە زۆرینەیان بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن، ئەو ناوچەیەش دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکرانیا.
حکومەتی ماڵدۆڤا پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەکات و لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا پشتیوانی بەهێزی خۆی بۆ کیێڤ دەربڕیوە.
لە 3 ی مانگی سێدا، هەفتەیەک دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو ئۆکرانیاوە، ماڵدۆڤا بە فەڕمی داوای چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپای کرد.
ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل سەردانی چێسیناوی پایتەختی ماڵدۆڤای کرد و هاوسۆزی خۆی بۆ وڵاتەکە دەربڕی، وتی یەکێتیەکە تاوتوێی ڕەوانەکردنی یارمەتی سەربازیی دیکە دەکات بۆ ماڵدۆڤا. بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا، چێسیناو وتی ئەو یارمەتییەی هەوڵی بۆ دەدات کوشندە نیە.
ئیگناتیێڤ لە ئاماژەیەکدا بۆ بەڵێنەکەی میشێل بۆ یارمەتیدانی ماڵدۆڤا لەڕووی سەربازییەوە، وتی " بێگومان ئەو جۆرە کار و قسانە یارمەتیدەر نابن لە هێورکردنەوەی ڕەوشەکەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە گرژییەکان زیاتر دەکەن و دەستوەردەدەنە ئاسایی بوونەوەی ڕەوشەکەوە."
کاتێکیش پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئایا بەدووری دەزانێ ڕووسیا بنکە سەربازییەکەی لە ترانسدنێستریا بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، ئیگانتیێڤ وتی ناتوانێت لەجیاتی مۆسکۆ قسە بکات.
بەڵام قسەی کرد و خۆی بەدوورگرت لە لێدوانەکانی جەنەڕاڵێکی ڕووسی کە مانگی ڕابردوو وتی یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگەکەی ڕووسیا ئەوەیە ناوچەیەکی ئۆکرانیا بگرێت و بە ترانسدنێستریاوە بیبەستێتەوە.
سەبارەت بە لێدوانەکانی جەنەڕاڵە ڕووسییەکە، ئیگناتیێڤ وتی " پێم وایە لەم بارودۆخە سەختانەدا، گرنگە زۆر وریا بیت لە قسەکانتدا، تەنانەت وریاتر بیت لە کارەکانتدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
لەکاتێکدا گرژییەکان لە ماڵدۆڤا زیاد دەبن، جیاخوازەکان سەرکۆنەی کیێڤ و یەکێتی ئەوروپا دەکەن
