Accessibility links

سەرۆکی ماڵدۆڤا بانگهێشتی سەرۆک بایدن دەکات بۆ وڵاتەکە


سەرۆکی ماڵدۆڤا مایا ساندو
سەرۆکی ماڵدۆڤا مایا ساندو

لە نێوەندی گرژییەکانی وڵاتەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا، سەرۆکی ماڵدۆڤا دەڵێت بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی کردووە بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکە.

سەرۆکی ماڵدۆڤا مایا ساندو وتی ڕۆژی سێشەممە لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا لە وارشۆدا سەرۆک بایدنی بانگهێشت کردووە، کۆشکی سپیش وتی سەرۆک بایدن لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پشتیوانی خۆی بۆ سەروەری خاکی ماڵدۆڤا کردۆتەوە. ساندو ئاماژەی بەوە نەدا بایدن چۆن وەڵامی داوەتەوە سەبارەت بە بانگهێشتەکە.

ساندو وتی " دەرفەتی ئەم کۆبوونەوەیەم بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە سەرۆکی ئەمەریکا بڵێم کە ئێمە لە دۆخە سەختەکاندا بەشدارین، لە کاتێکدا کە جەنگێک لەسەر سنوورەکە بەڕێوەدەچێت، پێویستمان بە پشتیوانی زیاتری ئەمەریکایە بۆ پتەوکردنی ئابوورییەکەمان. بانگهێشتی سەرۆک بایدنم کرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەمان بکات."

ساندو چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە لەوە دەترسێت ڕووسیا بیەوێت ماڵدۆڤا تێک بدات، کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە گازی ڕووسیا بەستووە، هەفتەی ڕابردووش مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ دوورخستنەوەی سەرکردایەتی ماڵدۆڤا، مۆسکۆش ئەوەی ڕەت کردەوە.

لە ساڵی 2020 ەوە کاتێک وەکو سەرۆکی ماڵدۆڤا دەستنیشان کرا، ساندو لایەنگریی ڕۆژئاوای کردووە، هەروەها سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کردووە لە ئۆکرانیادا. لە ژێر سەرکردایەتی ساندودا، ماڵدۆڤا بووەتە کاندید بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا.

ساندو وتی " بە سەرۆک بایدنم وت ماڵدۆڤییەکان دەیانەوێت وەکو بەشێک لە جیهانی ئازاد بمێننەوە، بۆ ئەوەی بە پارێزراوی بژین و خەونی چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا بەڕاستی ببینن."

هەروەها سوپاسی سەرۆک بایدنی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئابووری و دیموکراسی ماڵدۆڤا، هەروەها بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکە لە کەرتی وزەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG