Accessibility links

سەرۆکی مالاوی دەڵێت جێگرەکەی لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا گیانی لە دەستداوە


سەرۆکی مالاوی وتی جێگری سەرۆکی وڵاتەکە ساولۆس چیلیما و خێزانەکەی و هەشت کەسی دیکە ڕۆژی دووشەممە لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیاندا لە دارستانێکی چڕدا گیانییان لە دەستداوە.

سەرۆکی مالاوی لازارۆس چاکوێرا لە وتارێکدا ڕۆژی سێشەممە وتی تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری " پاشماوەی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە کە بەتەواوەتی تێکشکاوە " لە نزیک گردێک لە دارستانی چیکانگاوای مالاوی. وتی هیچ کەسێک لەو ڕووداوەدا ڕزگاری نەبووە.

چیلیمای تەمەن 51 ساڵ و پارتەکەی لە فڕۆکەیەکی سەربازیدا بوون کاتێک لیلۆنگوی پایتەختییان لە کاتژمێر 9:17 خولەکی بەیانیدا بە جێهێشتووە و بەرەو شاری مزوزوی باکوور ڕۆیشتوون، بەڵام کەش و هەوای خراپ ڕێگەی نەداوە فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی مزوزو بنیشێتەوە، فڕۆکەکە فەرمانی پێکراوە بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت، بەڵام بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە فڕۆکەکە بێسەروشوێن بووە.

چاکوێرا وتی ڕووداوەکە " دڵشکێن " بووە و وتی لەو بێدەسەڵاتییە تێدەگات کە گەلەکەی هەستی پێدەکەن بەهۆی ئەم لە دەستدانەوە. وتی جێگرەکەی پیاوێکی باش بووە و باوک و هاوسەرێکی باش بووە و بە شێوەیەکی نموونەیی خزمەتی وڵاتەکەی کردووە.

چاکوێرا سەبارەت بە چیلیما وتی " یەکێک لە شانازییە گەورەکانی ژیانم ئەوەیە کە ئەو جێگر و ڕاوێژکارم بووە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا."

فەرماندەی هێزی بەرگری مالاوی ڤالێنتینۆ فیری وتی سوپای مالاوی سەرکردایەتی ئەرکەکانی گەڕانی بە دوای فڕۆکەکەدا کردووە و یارمەتی لە وڵاتانی دراوسێوە وەرگرتووە. وتی گەڕانەکە بە شەویش بەردەوام بووە و بەهۆی خراپیی کەش و هەوا و ناوچە سەختەکەوە بەربەستی بۆ دروست بووە.

حەوت سەرنشین بە خانمی پێشووی یەکەمی مالاوی شانێل زیمبیری و سێ ئەندامی سەربازییشەوە لە فڕۆکەکەدا بوون، فڕۆکەکەش لە جۆری دۆرنییەر 228-202k بووە.

چاکوێرا لە وتارەکەیدا وتی خۆی چەند کاتژمێرێک پێشتر لەو فڕۆکەیەدا بووە و کارمەندانی فڕۆکەکە سەرکەوتووانە کارییان پێکردووە.

چیلیما سەرەتا لە ساڵی 2014 دا وەکو جێگری سەرۆک دەستنیشانکرا و زۆر بە ناوبانگ بووە لە مالاوی، بە تایبەتی لە نێو گەنجاندا، هەروەها وەکو کاندیدێک سەیر کراوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا.

بەڵام لە ساڵی 2022 دا چیلیما دەسەڵاتەکانی لێسەندرایەوە دوای ئەوەی دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن لە خاوەن کارێکی مالاوی بەڕیتانیاییەوە تۆمەتبار کرا.

مانگی ڕابردوو دادگایەکی مالاوی تۆمەتەکانی دژی چیلیما هەڵوەشاندەوە و دەستیکردەوە بە ئەرکەکانی وەکو جێگری سەرۆکی وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG