Accessibility links

ماکرۆن دەڵێت لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلماندا کۆدەبێتەوە


شازادەی جێنشێنی سعودیە محەمەد بن سەلمان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
شازادەی جێنشێنی سعودیە محەمەد بن سەلمان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە میانەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی بیستدا لە ئەرجەنتین لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتێکی ڕۆژئاوا دەبێت لەگەڵ محەمەد بن سەلماندا لەدوای کوژرانی جەمال خاشقچییەوە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئەرجەنتینیەکەی وتی " هەمیشە ڕوون و ئاشکرا بووم سەبارەت بە بابەتی سعودیە و بێگومان هەلی ئەوەم بۆ دەڕەخسێت باسی ئەو بابەتە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا بکەم لەمیانەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی بیستدا."

هەروەها سەبارەت بە کوشتنی خاشقچی، ماکرۆن وتی " ئەوە شتێکی زۆر مەترسیدارە. پێم وایە لێکۆڵینەوەکان لە تورکیا و سعودیە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بدرێت بە هاوڕێ و خزمانی خاشقچی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤداوای لە ئەرجەنتین کرد بەندێکی تایبەتی تاوانەکانی جەنگ کە لە دەستوورەکەیدا هەیە بەکاری بهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە تێوەگلانی شازادەی جێنشینی سعودیە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە یەمەن."

هەروەها داواشی کرد لێکۆڵینەوە بکەن سەبارەت بەوەی کە ئایا شازادە محەمەد پەیوەندیی هەبووە بە کوشتنی خاشقچییەوە یاخوود نا.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەرجەنتین ماوریسیۆ ماکری وتی " سەبارەت بە بابەتی شازادەی جێنشین کە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت، سعودیە ئەندامێکی هەمیشەیی کۆمەڵەی بیستە و لەبەرئەوە ئامادە دەبێت. ئەو کێشەیەی کە هەموو جیهانی سەرقاڵ کردووە لەسەر مێزی گفتوگۆکانە و لەوانەیە لەمیانەی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لەوانەشە باسی لێوە نەکرێت. ئەوەش بەندە بە خشتەی کارەکانی کۆبوونەوەکەوە. "

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG