Accessibility links

بەرپرسێکی فەڕەنسا: پوتن لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ ماکرۆن هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لەسەر ئەوەی ئامادەکاری بۆ جەنگ بکات


 سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕۆژی شەممەدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لەسەر ئەوەی ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات.

پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ماکرۆن و پوتن لەکاتێکدایە گرژییەکان سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا لەبەرزترین ئاستدان، ئەمەریکاش ڕۆژی هەینی وتی دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات. ڕووسیاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ماکرۆن و پوتن کە نزیکەی 90 خولەکی خایاند، بەرپرسە فەڕەنسییەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیچ ئاماژەیەکمان نەبینی لەسەر قسەکانی سەرۆک پوتن سەبارەت بەوەی ئامادەکاری بۆ جەنگ بکات."

وتیشی " سەرەڕای ئەوەش ئێمە زۆر وریاین سەبارەت بە هەڵوێستی سەربازیی ڕووسیا، ئەوەش بۆ ئەوەی خۆمان لە خراپترین بەدووربگرین."

لەلایەکی دیکەوە کرێملن وتی لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا پوتن تیشکی خستۆتەسەر " نەبوونی وەڵامێکی ئەمەریکا و ناتۆ بۆ دەستپێشخەرییەکانی ڕووسیا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا، یەکێک لەوانەش ئەوەیە ناتۆ ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

هاوکات بەرپرسەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی فەڕەنسا داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکە دەکات گەشت نەکەن بۆ ئۆکرانیا و ئامادەکاری دەکرێت بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ئۆکرانیا و خێزانەکانیشیان تاوەکو ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەگەر بیانەوێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG