Accessibility links

ماکرۆن: لەباربردن مافێکی بنچینەییە بۆ ئافرەتان


دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیارێکی مێژووی هەڵوەشاندەوە کە تیایدا ڕێگەی بە لەباربردنی منداڵ دەدا، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە کاردانەوەیدا بۆ بڕیارەکەی ئەمەریکا گوتی لەباربردن مافێکی بنچینەییە بۆ ئافرەتان.

ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی " لەباربردن مافێکی بنچینەییە بۆ سەرجەم ژنان. دەبێت بیپارێزین. دەمەوێت هاوسۆزی خۆم بۆ سەرجەم ئەو ئافرەتانە دەرببڕم کە ئازادییەکانیان ئەمڕۆ لەلایەن دادگای باڵای ئەمەریکاوە سازشی لەسەر کرا."

ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری مێژوویی Roe Vs Wade ی ساڵی 1973 ی هەڵوەشاندەوە کە مافێکی دەستووری دابوو بە ئافرەتان بۆ لەباربردن، هەروەها لە سەرانسەری وڵاتەکەشدا کرایە یاسا. دادگای باڵای ئەمەریکا سەرکەوتنێکی گرنگی بۆ کۆمارییەکان و پارێزگارە دیندارەکان بەدەستهێنا کە دەیانەوێت پڕۆسەکە سنووردار بکەن یاخود قەدەغەی بکەن.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەرکۆنەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکای کرد و گوتی " ئەمە ڕۆژێکی خەمناکە " بۆ ئەمەریکا و وتیشی بڕیارەکەی پارێزگارەکانی دادگاکە " بڕیارێکی توندڕەوانەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG