Accessibility links

ماکرۆن دەڵێت هیچ پلانێکی جێگرەوەی نیە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی هیچ پلانێکی جێگرەوەی نیە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران و ئەمەریکا دەبێت لەو ڕێکەوتنەدا بمێنێتەوە چونکە هیچ بژاردەیەکی باشتر لە ئارادا نیە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزدا پێش ئەوەی بگاتە واشنتن، ماکرۆن وتی ئەمەریکا و فەڕەنسا هاوپەیمانەکانی دیکە ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە دووبارە بنیادنانەوەی سوریادا دوای شکستپێهێنانی ڕێکخراوی داعش.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا وتی دەیەوێت بەزووترین کات هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام ماکرۆن هۆشیاریدا لەوەی ئێرانی هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد کۆنتڕۆڵی سوریا دەکات ئەگەر هاتوو ئەم وڵاتانە بەخێرایی لە سوریا بکشێنەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی وتی ماکرۆن و ترامپ گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەکەن و هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییەش دەکەن کە لەم مانگەدا دژی سوریا ئەنجامیاندا وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە.

ماکرۆن سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە وتی " هیچ پلانێکی جێگرەوەم نیە." وتیشی " با ئەمە لە چوارچێوەی کارەکانماندا بکەین چونکە باشترێکە لەو دۆخەی کە هەیە لەگەڵ کۆریای باکووردا."

ماکرۆن وتیشی دەیەوێت ڕێکەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا تەواو بکات بە چارەسەرکردنی بابەتی موشەکی باڵیستیکیی و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG