Accessibility links

ماکرۆن دەڵێت فەڕەنسا و بەڕیتانیا پێشنیاری دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو دەکەن لە کابوڵ


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا پێکەوە لەسەر پێشنیارێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن کە ئامانج لێی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراوە لە کابوڵ، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ئەو خەڵکانەی هەوڵدەدەن ئەفغانستان جێبهێڵن.

ماکرۆن کە پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو فەڕەنسا لەگەڵ تاڵیباندا دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی بەردەوام بوونی گواستنەوەی هاوڵاتیان، وتی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشنیارەکە دەخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە.

ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی تی ئێف 1 ی فەڕەنسادا وتی " هەندێک گفتوگۆ هەن لەسەر چۆنێتی دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان." ئاماژەشی بەوەدا قەتەڕیش یارمەتیدەرە لە گفتوگۆکاندا.

وتی " ئەوەی پێشنیارمان کردووە لەگەڵ بەڕیتانیا و ئەڵمانیادا و دەیخەنە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، چارەسەرێکە کە لە ڕابردوودا لە ئەرکەکانی پێشووتردا بەکارهاتووە، دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوە کە تیایدا خەڵکەکە بتوانن بگەنە فڕۆکەخانە."

ماکرۆن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا گەشبینە بەوەی تاڵیبان ئەم پێشنیارە پەسەند بکات، وتی هێشتا زۆر زووە باس لە دەرەنجامەکان بکەین، بەڵام شایستەی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت.

وتی " پێشنیارەکە دەتوانێت سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بجوڵێنێت، هەروەها فشارێکیشە بۆ سەر تاڵیبان." ئاماژەی بەوەدا ئەم پێشنیارە تاڵیبان ناچار دەکات دەریبخات کە ئایا دەیەوێت ڕێز لە نیگەرانیە مرۆییەکان بگرێت یاخود نا. وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ تاڵیبان مانای ئەوە نیە فەڕەنسا بە فەڕمی دان بە فەرمانڕەوایی تاڵیباندا بنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG