سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی سێشەممە پێشنیاری ئەوەی کرد هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق و سوریا فراوان بکرێت تاوەکو بتوانن دژی گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکانیش شەڕ بکەن.
ماکرۆن هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی چۆن ئەو هاوپەیمانێتییە کە چەندین وڵات دەگرێتەوە و ئەمەریکا ڕابەرایەتییان دەکات، بەشدار بێت لە شەڕەکەدا. ئیسڕائیل ئەندام نیە لەو هاوپەیمانێتییەدا.
ماکرۆن لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆرشەلیم جەختی لەوە کردەوە تیرۆر بۆ فەڕەنسا و ئیسڕائیل " دوژمنێکی هاوبەشییانە."
ماکرۆن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " فەڕەنسا ئامادەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە بەشدارین لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە عێراق و سوریا، شەڕ لەگەڵ حەماسیشدا بکات."
ماکرۆن کە هۆشداریداوە دژی مەترسی کەوتنەوەی ململانێیەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، وتیشی شەڕکردن دژی حەماس " دەبێت بەبێ هیچ بەزەییەک بێت، بەڵام نەک بەبێ هیچ یاسایەک."
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕاستەوخۆ لێدوانی لەسەر پێشنیارەکەی ماکرۆن نەدا بەڵام وتی شەڕەکە شەڕێکە لە نێوان " بەرەی نەگریس " و " جیهانی ئازاددا."
وتی " ئەم شەڕە تەنها شەڕی ئێمە نیە، شەڕی هەمووانە."
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی داعش لە ساڵی 2014 دا دامەزرا.
لە هێرشەکەی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، 37 هاووڵاتی فەڕەنسایی کوژران. لەو هێرشەدا زیاتر لە 1400 کەس لە ئیسڕائیل کوژران و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکانیش دەڵێت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەزە زیاتر لە 5000 فەڵەستینی کوژران.
ماکرۆن کە لە فڕۆکەخانەی تەل ئەڤیڤ لەگەڵ خێزانی قوربانییە فەڕەنساییەکاندا کۆبووەوە، وتی ئازادکردنی بارمتە فەڕەنساییەکان ئەرکی سەرەکین بۆ فەڕەنسا.
سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئیسڕائیل لە کاتێکدایە کە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە کۆششییان کرد بۆ ڕێککەوتن لەسەر داواکان بۆ " وەستانێکی مرۆیی " لە جەنگەکەدا.
ڕۆژی سێشەممە ماکرۆن لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ ڕابەرانی دیکەی ناوچەکەدا کۆدەبێتەوە، ئۆفیسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس وتی ماکرۆن لە ڕامەڵا لەگەڵ عەباسدا کۆدەبێتەوە، کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاواوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز