Accessibility links

ماکرۆن دەڵێت سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا درۆی کردووە سەبارەت بە گرێبەستی ژێرئاوگەرەکە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن درۆی لەگەڵدا کردووە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی دروستکردنی ژێرئاوگەر، ئاماژەشی بەوەدا دەبێت هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.

لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە ڕۆما، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا سکۆت مۆریسن بۆ یەکەمین جار دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە ملیاران دۆلارەکەی لەگەڵ فەڕەنسادا چاوییان بەیەکتر کەوت، ئوستڕاڵیا گرێبەستی دروستکردنی ژێرئاوگەری لەگەڵ فەڕەنسادا هەڵوەشاندەوە و هاوپەیمانیەکی ئاسایشی نوێی لەگەڵ بەڕیتانیا و ئەمەریکادا دروستکرد، کە تیایدا ئوستڕاڵیا دەتوانێت دەستی بگات بەو ژێرئاوگەرانەی کە بە وزەی ناوەکی کاردەکەن.

ماکرۆن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێی وایە مۆریسن درۆی لەگەڵدا کردووە وتی " پێم وانیە، دەزانم."

ماکرۆن بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی ئوستڕاڵی وت " ڕێزێکی زۆرم بۆ وڵاتەکەتان هەیە."

وتی " ڕێز و هاوڕێیەتیەکی زۆرم بۆ گەلەکەتان هەیە. تەنها دەڵێم کاتێک ڕێز دەگرین، تۆش دەبێت ڕاستگۆ بیت و بەپێی بەهای ئەو ڕێزە ڕەفتار بکەیت."

لەلای خۆیەوە مۆریسن دواتر لە هەمان ڕۆژدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی درۆی نەکردووە، وتی پێشتر بۆ ماکرۆنی ڕوون کردۆتەوە کە ژێرئاوگەرە سادەکان چیتر لە ئاستی پێویستیەکانی ئوستڕاڵیادا نین، ئاماژەشی بەوەدا پڕۆسەی دووبارە چاککردنەوەی پەیوەندییەکان دەستیپێکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG