Accessibility links

سەرۆکی بێلاڕووس بە " تەواوەتی پشتیوانی " لە پلانی ئاشتی چین دەکات بۆ ئۆکرانیا


سەرۆکی چین شی جینپینگ و سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ
سەرۆکی چین شی جینپینگ و سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ

سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینپینگدا کۆبۆوە و پێی وت وڵاتەکەی " بە تەواوەتی پشتیوانی " لە پلانە پێشنیارکراوەکەی چین دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ئۆکرانیا.

لوکاشینکۆ ڕۆژی چوارشەممە سەردانی چینی کرد، سەردانەکەش دوای ئەوە دێت پەکین هەڵوێستی خۆی بڵاوکردەوە سەبارەت بە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا و جەختی لەوە کردەوە چین لایەنێکی بێلایەنە لە ململانێکەدا و داوای گفتوگۆ دەکات.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەخنەیان لە چین گرتووە لەسەر ئەوەی تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای نەکردووە لە ئۆکرانیادا، هاوکات پەکین بە توڕەییەوە وەڵامی بانگەشەکانی ئەمەریکا و ناتۆی داوەتەوە کە دەڵێن ڕەنگە چین بیر لە پێدانی چەک بکاتەوە بە ڕووسیا.

پێشنیارەکەی چین بۆ ئاشتی ڕووبەڕووی گومان بۆتەوە لە نێو هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیادا، ڕووسیاش دانی بە پێشنیارەکەدا ناوە بەڵام دەڵێت هەلومەرجەکان بۆ چارەسەرێکی ئاشتی " لە ئێستادا " بوونی نیە.

بەڵام ڕۆژی چوارشەممە لوکاشینکۆی هاوپەیمانی نزیکی پوتن پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەکەی چین دەربڕی.

لوکاشینکۆ وتی " کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکی زۆر سەختدا بەڕێوەدەچێت، کە پێویستی بە هەوڵی نوێی نا ئۆرثۆدۆکسی و بڕیاری بەرپرسانەی سیاسیی هەیە."

لوکاشینکۆ بە شی وت " هەوڵەکان دەبێت سەرەتا ئامانجییان ئەوە بێت ڕێگری بکەن لە ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیهانی کە هیچ براوەیەکی تیادا نابێت."

وتی " لەبەرئەوەیە بێلاڕووس چالاکانە پێشنیاری ئاشتی دەکات و بە تەواوەتی پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییە دەکات کە تۆ پێشنیارت کردووە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی."

هاوکات شی وتی دەبێت سەرجەم لایەنەکان " عەقڵییەتی جەنگی سارد " لاببەن و کار بکەن بۆ بونیادنانی " پێکهاتەیەکی ئاسایشی هاوسەنگ و کاریگەر و هەمیشەیی بۆ ئەوروپا."

وتیشی " وڵاتانی پەیوەندیدار دەبێت چیتر ئابووری جیهان بە سیاسیی نەکەن و وەکو ئامڕازێک بەکاری نەهێنن و لە ڕاستیدا کارێک بکەن بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە ئاگربەستێک و وەستاندنی جەنگەکە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانەکان."

جێی ئاماژەیە لوکاشینکۆ ڕێگەی بە ڕووسیادا خاکی بێلاڕووس بەکاربهێنێت بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا، کیێڤیش نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی مینسک ڕەنگە یارمەتی زیاتری ڕووسیا بدات لە جەنگەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG