Accessibility links

ڕابەری بێلاڕوس دەڵێت دورگەی کرێمیا بەشێوەیەکی یاسایی سەر بە ڕوسیایە


ئالیکساندەر لوکاشینکۆ
ئالیکساندەر لوکاشینکۆ

دەزگای هەواڵی ئار ئای ئەی ئاماژەی بەوەدا ڕابەری بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ دەڵێت نیمچە دورگەی کرێمیا کە ڕوسیا لە ساڵی 2014 دا لەژێر دەستی ئۆکرانیادا دەریهێنا، بەشێوەیەکی یاسایی نیمچە دورگەیەکی ڕوسیە.

ئەم لێدوانەی لوکاشینکۆ پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوویەتی سەبارەت بە نیمچە دورگەکە، بێلاڕوس هاوپەیمانێکی نزیکی ڕوسیایە، بەڵام دوای ئەوەی ڕوسیا نیمچە دورگەکەی لەخۆگرت، لوکاشینکۆ دانی نەنا بە نیمچە دورگەکەدا وەکو ناوچەیەکی ڕوسیا. لەخۆگرتنی نیمچە دورگەی کرێمیا لەلایەن ڕوسیاوە بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا سزا بەسەر ڕوسیادا بسەپێنن.

زۆرینەی وڵاتانی جیهان هێشتا نیمچە دورگەی کرێمیا بە ناوچەیەکی ئۆکرانیا دەناسێنن، ئۆکرانیاش نیمچە دورگەکەی دەوێتەوە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی لە زاری لوکاشینکۆوە بڵاویکردەوە " کرێمیا بەشێوەیەکی نافەڕمی ڕوسییە. دوای ڕیفراندۆمەکە کرێمیا بە فەڕمی بوو بە ناوچەیەکی ڕوسی." لوکاشینکۆ ئاماژەی بە دەنگدانەکەی ساڵی 2014 کرد کە ڕوسیا وەکو بەشێک لە لەخۆگرتنی نیمچە دورگەکە ئەنجامیدا، دەنگدانەکە لەلایەن ئۆکرانیا و ڕۆژئاواوە ڕەت کرایەوە.

لوکاشینکۆ وتی هەر سەردانێکی خۆی بۆ نیمچە دورگەی کرێمیا ئاماژەیەک دەبێت بۆ ئەوەی بێلاڕوس دان دەنێت بە کرێمیادا وەکو بەشێک لە ڕوسیا، ئەوەشی خستەڕوو چاوەڕێی بانگهێشتی ڕوسیا دەکات تاوەکو سەردانی نیمچە دورگەکە بکات.

سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڕوسیادا، بێلاڕوس لە ساڵی 2014 دا دوای ئەوەی ڕوسیا نیمچە دورگەکەی لەخۆگرت، هەڵوێستێکی بێلایەنەی هەبوو لەسەر ئەو بابەتە، هەروەها سەبارەت بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش لەنێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و جیاخوازەکاندا کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بێلایەنی هەڵبژارد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG