Accessibility links

گروپی لوفتهانسا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئیسڕائیل و عێراق و ئوردن ڕادەگرێت


گروپی هێڵی ئاسمانی ئەڵمانی لوفتهانسا هەتاوەکو بەیانی زووی ڕۆژی شەممە گەشتەکانی بۆ ئیسڕائیل و عێراق و ئوردن ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە ئیسڕائیل هێرشی تۆڵەکردنەوەی کردووەتە سەر ئێران.

وتەبێژێکی لوفتهانسا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت گەشتەکان بۆ تەل ئەڤیڤ لە ئیسڕائیل و هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق و عەمان لە ئوردن هەتاوەکو بەیانی ڕۆژی شەممە ڕاگیراون، ئەوەش بەهۆی " دۆخی ئێستای " ناوچەکەوە.

وتیشی " پارێزراوی سەرنشینان و کارمەندان هەمیشە ئەرکی پێشینەن."

هێڵی ئاسمانی ئوستریا کە لقێکی سەر بە لوفتهانسایە بڕیاریدا گەشتەکان بۆ عەمان و هەولێر و تەل ئەڤیڤ ڕابگرێت، ئەوەش بە مەبەستی " دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی ئاسایشی " ناوچەکە.

هێڵی ئاسمانی ئوستریا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " هێڵی ئاسمانی ئوستریا بەردەوام چاودێری دۆخی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، هەروەها لە نزیکەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کاربەدەستاندا."

هێڵی ئاسمانی سویسیش کە بە هەمان شێوە سەر بە گروپە ئەڵمانیاییەکەیە ڕایگەیاند گەشتەکانی زیوریخ – تەل ئەڤیڤ تاوەکو 25 ی مانگی چوار ڕادەگرێت.

لوفتهانسا و هێڵی ئاسمانی ئوستریاش پێشتر گەشتەکانییان بۆ تاران و بە پێچەوانەشەوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ڕاگرتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG