Accessibility links

پۆلیسی بەریتانیا 8 کەس لەسەر هێرشەکەی لەندەن دەسـتگیردەکات


پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت 8 کەسیان دەستگیرکردووە لەسەر هێرشەکەی دوێنێ چوارشەممەی نزیک لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک و برینداربوونی دەیان کەسی تر.

مارک ڕۆڵی سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆری بەریتانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەردەم بارەگای سکۆتلاند یارد لە لەندەن بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت لە شەوی ڕابردووەوە هەتا بەیانی ئەمڕۆ 6 شوێنیان لە لەندەن و دەوروبەری پشکنیوە و 7 کەسیان دەسـتگیرکردووە. دواتر سەرچاوەیەکی پۆلیس وتی ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتە 8 کەس.

باسی لەوەش کرد کە پێـیان وایە هێرشبەرەکە تەنها خۆی بەو کارە هەستابێت لە ژێر کاریگەری ئەو تێرۆرزمیەی جیهانی گرتۆتەوە. جەختی لەوەش کرد لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.

وتیشی پێیوایە ناسنامەی هێرشبەرەکە دەزانن کە تەرمەکەی لەبەردەستیاندایە، بەڵام لە ئێستادا ئاشکرای ناکەن.

سەبارەت بە قوربانییەکانیش وتی ژنێکی لە تەمەنی چلەکان و پیاوێک لە تەمەنی پەنجاکان و پۆلیسێک کوژراون. هەروەها 29 کەسی تر لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە و هێشتا 7 لە بریندارەکان بەهۆی خراپی باری تەندروستیان لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG