بەپێی بەیاننامەیەکی سعودیە کۆمپانیای پیشەسازی سەربازی سعودیە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکادا واژۆکردووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی هاوبەش، لەکاتێکدا واشنتن وتوویەتی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی چەک لەگەڵ سعودیەدا دەکات.
کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەکی سعودیە ڕایگەیاند ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆکردووە بۆ " دامەزراندنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ هاریکاری نێوان دوو کۆمپانیاکە لە بواری پتەوکردنی توانا بەرگری و ئاسایشیەکانی شانشینی عەرەبی سعودیەدا.
ئەوەشی خستەڕوو دەبێتە خاوەنی لە سەدا 51 ی کۆمپانیاکە.
کۆمپانیا سعودیەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی پڕۆژە هاوبەشەکە کار لەسەر " پەرەپێدانی تواناکانی بە ناوخۆیی کردن دەکات لەڕێی وەرگرتنی تەکنەلۆجیا و زانیاریەوە و هەروەها مەشق پێدان بە کادیرە سعودییەکان لەسەر دروستکردنی بەرهەم و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هێزە چەکدارەکانی سعودیە."
سعودیە بە کۆگایەکی سەرەکی چەک لە جیهاندا دادەنرێت، بەڵام هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا تاوەکو ئێستا ڕەتی دەکەنەوە چەک بە سعودیە بفرۆشن، ئەوەش بەهۆی ڕۆڵی ئەو وڵاتەوە لە ململانێکانی یەمەندا.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی کۆتایی بە پشتیوانیەکانی ئەمەریکا دەهێنێت لە ئەرکە سەربازییەکانی سعودیە لە جەنگی یەمەندا.
وتیشی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی چەک دەکات لەگەڵ سعودیەدا.
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆکی کۆمپانیای لۆکهید مارتن تیمۆثی کاهیل وتی ڕێکەوتنەکە بە " بەردێکی بناغەی گرنگ " دادەنرێت لە پەیوەندیی نێوان لۆکهید مارتن و کۆمپانیای سعودیەدا.
وتیشی " ئەم ڕێکەوتنە لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی لۆکهید مارتندایە بۆ فراوانکردنی هاوبەشیەکانمان لەگەڵ سعودیەدا، ئەویش لەڕێی دابینکردنی توانای بەرگری و ئاسایشەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس