Accessibility links

پۆلیسی دژە تیرۆری بەڕیتانیا سێ کەس دوای تەقینەوەی ئوتومبێلەکە دەستگیردەکات


لیڤەرپوڵ
لیڤەرپوڵ

پۆلیس دەڵێت ئەفسەرانی پۆلیسی دژە تیرۆری بەڕیتانیا دوابەدوای تەقینەوەی ئوتومبێلێک لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەکی ئافرەتان لە لیڤەرپوڵ کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە، سێ کەسیان دەستگیرکردووە.

پۆلیس وتی بەهۆی تەقینەوەکەوە سەرنشینێکی ئوتومبێلەکە لە شوێنی تەقینەوەکەدا گیانی لەدەستداوە، شۆفێرەکەش برینداربووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە و بارودۆخی جێگیرە.

وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا پریتی پاتێڵ وتی بەردەوام زانیارییەکانی سەبارەت بە ڕووداوەکە پێدەوترێت.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی سێ پیاو کە 29,26,21 ساڵن، لە ناوچەی کینسینگتۆنی شارەکە دەستبەسەرکراون و بەپێی بەندی تیرۆر دەستگیرکراون.

پۆلیس بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ئوتومبێلەی تەقیوەتەوە تەکسییەک بووە کە ماوەیەکی کەم بەر لە تەقینەوەکە لەبەردەم نەخۆشخانەکەدا وەستاوە.

سەرۆکی پۆلیس سێرینا کێنەدی بە ڕۆژنامەنووسانی وت" هێشتا کارەکان بەردەوامن بۆ زانینی ئەوەی چی ڕوویداوە."

وتیشی " بە کراوەیی مامەڵە لەگەڵ هۆکاری تەقینەوەکەدا دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە چۆن تەقینەوەکە ڕوویداوە، بە وریاییەوە، پۆلیسی دژە تیرۆر ڕابەرایەتی لێکۆڵینەوەکە دەکەن و پۆلیسی مێرسیسایدیش هاوکارییان دەکەن."

پۆلیس وتی لەم قۆناغەدا تەقینەوەکە وەکو هێرشێکی تیرۆریستی ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG