Accessibility links

فیلمسازێکی لیتوانیا لە ماریوپۆڵی ئۆکرانیا کوژراوە


ماریوپۆڵ
ماریوپۆڵ

سوپای ئۆکرانیا وتی فیلمسازی لیتوانی مانتاس کڤیداراڤیسیوسی تەمەن 45 ساڵ لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو لەلایەن ڕووسییەکانەوە کوژراوە، کوشتنەکەشی لەکاتێکدا بووە هەوڵیداوە لە شارەکە هەڵبێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی " لەکاتێکدا هەوڵیداوە ماریوپۆڵ جێبهێڵێت، داگیرکەران مانتاس کڤیداراڤیسیوسیان کوشتووە کە نوسەری بەڵگەنامەیی ماریوپۆڵیسە."

فیلمسازی ڕووسی ڤیتاڵی مانسکی کە پێشتر بانگهێشتی کڤیداراڤیسیوسی کردبوو بۆ ڤیستیڤاڵێکی فیلم لە مۆسکۆ، مردنی کڤیداراڤیسیوسی ڕاگەیاند.

مانسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی " ئەمڕۆ کڤیداراڤیسیوس لە ماریوپۆڵ کوژرا، لەکاتێکدا کامێراکەی بەدەستەوە بوو، لەم جەنگە پیسەی خراپەکاردا دژی هەموو جیهان."

وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا وتی " توشی سەرسوڕمان بووە " کاتێک هەواڵی کوژرانی کڤیداراڤیسیوسی بیستووە لە ماریوپۆڵ، " وتی " لەوێ کارە دڕندانەکانی ڕووسیای وەکو بەڵگەنامەیەک تۆمار دەکرد. پێشتر لە ساڵی 2016 دا فیلمی ماریوپۆڵیسی بەرهەم هێنا کە باس لە شارێکی گەمارۆدراو دەکات کە خەڵکی شارەکە دەیانەوێت بژین.

کڤیداراڤیسیوس لە ساڵی 1976 لەدایک بووە و بە فیلمەکەی " ماریوپۆڵیس " ناوی دەرکرد، فیلمەکە لە ماریوپۆڵ بەرهەم هێندراوە و لە ساڵی 2016 دا سەرەتا لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرلین نمایشکرا.

تاوەکو ئێستا هێزەکانی ڕووسیا نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی شاری ماریوپۆڵ بکەن کە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە گەمارۆدراوە و بۆردومان دەکرێت.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن لانی کە 5000 هاوڵاتی مەدەنی لە ماریوپۆڵ کوژراون، هەروەها نزیکەی 160,000 کەسی دیکە کە لە شارەکەدا گیرییان خواردووە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک و ئاو و کارەبا بوونەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG