Accessibility links

لیتوانیا هەوڵدەدات هێزەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی هەمیشەیی ڕەوانەی وڵاتەکە بکرێن


سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا
سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا

سەرۆکی لیتوانیا دەڵێت وڵاتەکەی داوا لە ئەمەریکا دەکات بەمەبەستی پتەوکردنی ئاسایشی وڵاتەکە بەشێوەیەکی هەمیشەیی هێزەکانی لە لیتوانیا جێگیر بکات.

سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا پێشوازی لە هێزە بە کۆمەڵەکانی ناتۆ کرد کە ئەڵمانیا ڕابەرایەتییان دەکات، ئەو هێزانەش لە ساڵی 2017 ەوە لە لیتوانیا جێگیرکراون و بەمزووانەش 350 سەربازی دیکەی ئەڵمانی ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا.

لە ساڵی 2019 ەوە ئەمەریکا سەرباز و کەلوپەلە سەربازییەکانی ڕەوانەی لیتوانیا کردووە، نزیکەی 500 سەربازی ئەمەریکی لە لیتوانیادا جێگیرکراون، ئەمەش وەکو پشتیوانییەکی زیاتر لە هەوڵەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ڕووسیادا.

ناوسیدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بنکەی سەربازیی ڕوکلا وتی " بێگومان قسە لەگەڵ ئەمەریکادا دەکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە لیتوانیا بمێننەوە."

وتیشی " ئەوە دەبێتە هۆی پتەوبوونی ئاسایشی وڵاتەکە و هەوڵەکانی ناتۆ بۆ بەربەست دانان لەبەردەم دوژمنکارییەکاندا زیاتر دەکات، نەک تەنها لە لیتوانیا بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەشدا."

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، هەروەها ژمارەیەکی دیکەشی ڕەوانەی سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیا کردووە.

ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا ڕووبەڕووی توندترین سزای ئابووری دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا 3000 سەربازی ڕەوانەی پۆڵەندا و ڕۆمانیا کردووە.

لیژنەی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕۆژی دووشەممە وتی هاوپەیمانێتیەکەی هێزی زیاتر بۆ وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا دەجوڵێنێت ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا دوای مەشقە سەربازییەکانیان لە بێلاڕووس ئەو وڵاتە بەجێنەهێڵن.

لەلایەکی دیکەشەوە هۆڵەندا ڕایگەیاند هێزەکانی لە لیتوانیا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕەوانەکراون، لە 270 سەربازەوە زیاد دەکات بۆ 350 سەرباز.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG